بەرشەلۆنە ئەستێرەیەکی بایرن میونشنی دەوێت

PM:04:29:26/04/2024

6124 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرپرسانی بەرشەلۆنە هەوڵی گواستنەوەی سانێ دەدەن لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا.

راپۆرتە رۆژنامەنوسیەکان بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستاوە پلانەکانیان داڕشتووە لە پێناو بەهێزکردنی پێکهاتەی یانەکەیان و ئەستێرەیەکی بایرن میونشنیان کردووەتە ئامانج.

بەرنامەی ئێلچیرینگیتۆی ئیسپانی رایگەیاندوە، یانە کەتەلۆنیەکە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ لیرۆی سانێی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئیمزابکەن.

بەرنامەکە ئاشكرایکردووە، هەفتەی رابردوو ئەندامێکی کارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کردووە لەسەر ئەگەری دەستبەرداربوون لە لیرۆی سانێی یاریزانی یانەکەیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئەم ساتە یانە ئەڵمانیەکە هیچ وەڵامێکی بەرشەلۆنەیان نەداوەتەوە لە کاتێکدا گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەیان تەنیا یەک ساڵی ماوە و تا ئەم ساتەش نوێیان نەکردووەتەوە.

دەشڵێت، سانێ ئارەزووی جێهێشتنی بایرن میونشنی هەیە لەبەرئەوە یانە ئەڵمانیەکەش دەیانەوێت ئەو یاریزانە وەک چەکێک بەکاربهێنن لە پێناو گواستنەوەی یەکێک لە ئەستێرەکانی بەرشەلۆنە کە ئەوانیش رۆناڵد ئاراوخۆ و فرینکی دی یۆنگن.

خ . ک