مۆرینیۆ: تەنیا یەکجار لە تۆپی پێدا گریاوم

AM:09:55:26/04/2024

176 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆرینیۆ دەڵێت تەنیا یەکجار لە تۆپی پێدا گریاوە ئەویش پاش شکستیان بووە بەرامبەر بە بایرن لە چامپیۆنزلیگ کاتێک راهێنەری ریاڵ مەدرید بووە.

وەرزی 2011 بۆ 2012 ڕیال مەدرید گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە دۆخێکدا کە لە لالیگادا ئاستێکی نایابیان پێشکەش کرد و توانیان بە تۆمارکردنی 100 خاڵ و 121 گۆڵ کێبڕکێکە لە بەرشەلۆنەی گواردیۆلا ببەنەوە و ببنە پاڵەوانی خولەکە، بەڵام یانەکە لە چامپیۆنزلیگ نەیانتوانی بگەن بە ئامانجەکەیان.

دوای شکستهێنان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە میونشن، ریاڵ لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگای بێرنابیۆ بە هەمان ئەنجامی پێشوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەستێرەکانی وەک ڕامۆس و ڕۆناڵدۆ و کاکا لە لێدانە یەکلاکەرەوەکانیان گۆڵ نەکرد و بایرنیان ڕەوانەی یاری کۆتای کرد، لە نوێترین چاوپێکەتنیدا مۆرینیۆ رایگەیاند دوای ئەو یارییە گریاوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەمازۆن پرایم، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە سەبارەت بەو یارییە وتی: ئێمە لەو کاتەدا باشترین تیپی ئەوروپا بووین، ئەو ساڵە لالیگامان بردەوە و ژمارەی پێوانەیی زۆرترین خاڵ و گۆڵ تۆمارکردنمان شکاند و باوەڕم وایە ئەگەر بگەشتینایە بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەوا پاڵەوانێتییەکەمان دەبردەوە، دۆڕان بەرامبەر بایرن بە لێدانی سزا خراپترین شەوی ژیانی ڕاهێنەرایەتیم بوو.

مۆرینیۆ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، دوای شکستەکەی بەرامبەر بایرن میونشن لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەگریا، ئەوەش یەکەمجار و کۆتا جاری بووە لە تۆپی پێدا گریابێت، پاشان مێندێسی بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی وتووە، چاکەیەکم بۆ بکە و بڕۆ بۆ ماڵی کریستیانۆ چونکە زۆر خراپە، لە وەڵامدا بە مێندێسی راگەیاندووە، منیش دڵخۆش نیم، بەڵام دواتر خۆی کۆکردوەتەوە و وازی لە گریان هێنا و چووەتە ماڵی کریستیانۆ و یاریزانەکەی ئارام کردوەتەوە.