تۆماس مولەر چی دەڵێت لەسەر یاریەکەی ریاڵ مەدرید؟

PM:04:12:06/05/2024

432 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مولەر دوپاتیکردەوە بەپەرۆشە بۆ یاریەکەی ریاڵ ەمدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێدا و ئەو یانەیە لە هێرشی هەڵگەڕاوەدا نایابە.

تۆماس مولەری یاریزانی بایرن میونشن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی فەرمی یانەکەی لەسەر یاری گەڕانەوە بەرامبەر ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یاریەکی گرنگیان هەیە و دەبێت بە باشترین شێوە دەرکەون.

مولەر دەڵێت، یاریزانانی ریاڵ مەدرید چەندین لایەنی جیاوازیان هەیە، دەتوانن بە خێرایی بگەڕێنەوە و کێشەیان نییە لە بەرگری کردندا و بە ڕێکەوت نییە زۆربەی ساڵەکان لە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدان.

وتیشی: ریاڵ مەدرید تیپێکی زۆر مەترسیدارە بەڵام هەموو یانەیەکیش دەتوانێت بەرامبەریان یاری بکات چونکە ئەو یانەیە هێرشبردن و بەرگری کردنیش بەکاردەهێنێت بەڵام لە هێرشی هەڵگەڕاوەدا زۆر ترسناکن.

ئاماژەی بەوەشدا، یاریەکە نزیکدەبێت لە یەکەوە بۆ هەردوو یانە، لەو جۆرە یاریانەدا ئەگەر ئەو هەلانەی بۆت دەڕەخسێت گۆڵی پێ تۆمار نەکەیت ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت چاوەڕێی ماڵئاواییکردن بیت.

رونیشیکردەوە، لە رابردوودا پێنج جار رووبەڕووی ریاڵ مەدرید بووەتەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ، یاریگایەکی نایابە و 80 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت کە ئەوە فشارە بۆ تیپی میوان، بە پەرۆشە بۆ یاریکردن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێدا.

دەشڵێت، زۆر گرنگە هاندەرانی یانەکەمان لەو یاریگایەدا بە ڕەنگی سوور دەربکەون تا ببنە پاڵپشتی بۆ ئێمە و هەوڵی بردنەوە بدەین هاوشێوەی ساڵی 2012 کە لەو یاریگایەدا براوە بووین.

خ . ک