رۆکی هەڕەشە لە بەرشەلۆنە دەکات

PM:08:19:06/05/2024

364 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەڕێوبەری کارەکانی رۆکی هەڕەشە لە بەرشەلۆنە دەکات و چاڤی راهێنەریش گوێ لە هەرەشەکانی ناگرێت.

ئەندرێ کۆری بەڕێوبەری کارەکانی ڤیتۆر رۆکی بە ڕەخنەگرتن لە مامەڵەکردنی چاڤی لەگەڵ یاریزانە لاوەکەدا، هۆشداریی دایە بەرشەلۆنە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگەی ئەم دۆخە ناگرنو تێیدا وتی: پێموایە ڤیتۆر پێویستی بە خولەکی زیاترە، کەس نازانێت بۆچی خولەکی پێویستی پێنادرێت، چاڤی تا ئێستا قسەی لەگەڵ نەکردووە، تێناگەم لەم بابەتە.

بەڕێوبەرەکە بە ئاشکرا باسی لەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک رازی نابن بە گرێبەستی خواستن بۆ رۆیشتنی یاریزانەکە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی ئێستاشی بەشێوەیەکی هەمیشەی یانەکەی کەتەلۆنیا جێدەهێڵێت، ئاماژەی بەوەشکرد، یاریزانەکە پێشتر ئۆفەری لە یانە گەورەکانەوە پێگەیشتووە و لە بڕی پارەکەی بەرشەلۆنەش زیاتربووە بەڵام لەبەر خواستی رۆکی بە یانەکەوە هەموویانی رەتکردوەتەوە.

لەمبارەیەشەوە مارکا نووسیویەتی، چاڤی نەک هەر ئەم هەڕەشەیەی بە جددی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەردەوام دەبێت لەسەر پلانی ئێستای سەبارەت بە ڕۆکی و قسەکردن لەگەڵیدا بە پێویستی نابینێت و پێی وایە پێویستە یاریزانەکە لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا ئاستێکی باش نیشان بدات.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، هەڕەشەکانی بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکە لەلای چاڤی هیچ گرنگییەکی نییە و لەگەڵ دیکۆ و لاپۆرتا کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەن لەو بارەیەوە.