سەردێڕ:

زانکۆیەکی دیکەی هەرێم چوار رۆژ پشووی راگەیاند

PM:11:13:26/11/2021

16376 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ژمارەیەک زانکۆی هەرێم لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار رۆژ پشووی راگەیاند، زانکۆی کۆیەش لە راگەیەندراوێکدا بۆ ماوەی چوار رۆژ پشووی لەناوەندەکانی خوێندندا راگەیاند.


بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی زانکۆی کۆیە، ئەنجومەنی زانکۆکە بڕیاریداوە بە راگرتنی خوێندنی دەوامی خوێندن لە رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ تا رۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١.

ئەمشەویش، لێپرسراوی ھۆبەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆکەیان بڕیاریداوە بەوەی تاوەکو ١ی ١٢ دەوام لە زانکۆکەدا رابگرن، لەلایەکی تریشەوە، چاوگێک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بڕیاری چوار رۆژ پشوو زانکۆکەی ئەوانیش دەگرێتەوە.

هاوکات، هەر ئەمشەو ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجەش بریاری چوار رۆژ پشووی لە زانکۆکەدا راگەیاند.

ئەوەش تەنها دوای چەند خولەکێک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ئێن ئاڕ تی بوو لەسەر ئەو بابەتە، کە ئاشکرایکردبوو، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی پشوویەکی چوار رۆژیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری پارێزگاکە.

ماوەى شەش رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و لە یەکەم رۆژیشدا بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە دووەم رۆژیشدا، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران باسیان لەوەکرد، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

٢٤ی ئەم مانگەش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.













گەلەری