ھەروەھا، لەبارەی چۆنییەتی کوشتنی "موراد کانی کوردەیی"ەوە بنەماڵەکەی لە راگەیەنراوەکەیاندا ئاماژەیان دەوەشداوە، "موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتوە کە موراد فیشەک بەرقاچی کەتوە و نەمردوە، بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر گیانی سپاردوە".
دەشڵێن، "بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتوە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و ھەڵواسینی ھەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، "لە ھەمانکاتدا بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین کە تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ کوژراوەکانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەکرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرھەق بەرۆڵەکانی ئێمە ئەنجامیداوە".
ھەروەھا، لە راگەیەنراوەکەیاندا داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیەکان و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەن کە ھەڵوێستی جدییان ھەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ لە رانیە مورد کانی کوردەیی فەرماندە لە ناو ریزەکانی یەکێتی درایە بەر دەسترێژی گوللە و لە ئەنجامدا خۆی و دوو پاسەوانی کوژران و پاسەوانێکی دیکەشی برینداربوو.
دوابەدوای رووداوەکەی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا".
موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاھورجەنگی بووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بووە و چەند ڕۆژێک بووە لە پۆستەکەی لادراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی راپەڕین.
کــ ، ئـ