سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی: هێشتا هۆکاری سەرەکی توشبوون بە پەتاکەمان بۆ دەستنیشاننەکراوە

PM:02:05:23/06/2022

1552 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامارەکانی توشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە گەورەدا هێوربوونەوەی بەخۆوەبینیوە، بەڵام هێشتا هۆکاری سەرەکی توشبوون بە پەتاکەیان بۆ دەستنیشاننەکراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێرش سەلیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئامارەکانی توشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە گەورەدا هێوربوونەوەی بەخۆوەبینیوە، بەڵام هێشتا هۆکاری سەرەکی توشبوون بە پەتاکەمان بۆ دەستنیشاننەکراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، سێکتەرەکانی پەیوەست بە ئاو و ئاوەرۆ پێکەوە سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکارەکەن بۆ بنبڕکردنی پەتاکە.

جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی، "باوەڕمان وایە سەرچاوەی پیسبوونی ئاو سەرەکیترین هۆکارە، بەڵام هێشتا بۆمان پشتراستنەبووەتەوە".

دەشڵێت، بێ ئاوی و پەنابردنی هاوڵاتییان بۆ شەمعەکان و بیرەکان کێشەی دروستکردووە.

هێرش سەلیم ئەوەشی ئاشکرا کرد، ٢٥ تیمی پشکنینی ئاویان هەیە و لە چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ نمونەی پشکنینی ئاویان وەرگرتووە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە و چارەسەرەکەیدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، سروشتی کۆلێرا وایه‌ به‌هۆی پیسبوونی سه‌رچاوه‌ی ئاو و خواردنه‌وه‌وەیە، له‌و دوو هۆکاره‌ زیاتر نییه.

هاوکات، هەندێ لە پزیشکان لەو باوەڕەدان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە رێژە بەرزە هۆکارەکەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەبێت، چونکە ئەگەر هۆکارەکەی خواردنی دانەپۆشراو و دەرەوە بوایە ئەوا بەورێژە زۆرە خەڵکی تووشی نەخۆشییەکە نەدەبوون لە رۆژێکدا.

لەبەرامبەردا، سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "دڵنیایی دەدەم ئاوی سەرەکی ماڵان پاکە".

وتیشی، "ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا ئاوی به‌لوعه‌ی سلێمانی پیسه‌ ئێمه‌ وێستگه‌كان داده‌خه‌ین و ئاو ده‌گرینه‌وه‌، من خۆم له‌وه‌ به‌دڵسۆزتر ده‌زانم كه‌ بۆ هیچ شتێك له‌دنیادا روحی مناڵێكی كورد یان خه‌ڵكی شاره‌كه‌م بگۆڕمه‌وە، بۆیە تا ئەم ساتە دڵنیایی دەدەمە هەمووان سەبارەت بە پاکی ئاوی ڕەئیسی ماڵان، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیەوە دابین دەکرێت".

 


گۆران لوقمان – سلێمانی













گەلەری