قائیمقامی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی، رەمەک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە سنووری چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە
دووەم هێرشە لە ماوەی ئەمساڵدا بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئێستادا لیژنەیەک سەرقاڵی
لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە کرێکاری بیانی بوون و دوان لە بریندارەکانیش کورد بوون.
هاوکات، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان
کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی
بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا
کەم بووەتەوە.
دیار محەمەد، محەمەد عەدنان - چەمچەماڵ