ئەو هۆکارانەی یاریزان لە ڕۆحیەتی یاریکردن دوردەخاتەوە بۆ شارەکەی

PM:03:59:20/02/2023
5548 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

پێش هەمووشتێک یاریزان کەدەچێتە ناویاریگا بۆیاریکردن و پێشکەشکردنی ئەدای جوان بۆشارەکەی، دەبێت ئەوە بزانێ ناوی شارو شوێن لەپێش هەموو شتێکەوەیە جا تیپی میللی بێت، یان فێرگە بێت، یان هەرجێیەک کە لێی پەروەردە بووە، بۆیە هەڵگری ئاڵای شار گرنگترە لە ئاڵاو لۆگۆی تیپە میللیەکەی.

لەساڵانی پێش ڕاپەڕین یاریزان پێداویستی کەم بوو، کەمی داهات بۆ بژێوی ژیانی کاریگەری لەسەر دروست دەکرد، بەڵام ئەم کاریگەریە کاری نەدەکردە سەر حەزو خولیاو خۆشەویستیەکەی بۆ شار و یانەکەی و، گوێشی پێنەدەدا، چونکە هەموو یاریزانان وەک یەک لەناو تیپەکەدا، یان یانەکەدا خۆبەخش بوون، ئەگەر پارەش هەبوایە وەک گرێبەستێک نەبوو کە مووچەکەی خەیاڵی بێت و، لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ پارەش یاری بۆ شارەکەی خۆی کردبا لای ئاسایی بوو.

بەبەراورد لەگەڵ ئێستا هەر ئەو مۆدێلەی جاران کە خۆبەخشی بوو بۆ یاریکردن، ئێستا زۆرجار چاوی یاریزانان بەوە دەبەسترێ کەپێشتر (خۆبەخشی بووە) ئەمەش لەگەڵ بژێوی ئێستای یاریزانان ناگونجێ، چونکە هەم پێداویستیەکان زۆر بوون، هەم خۆی بەراورد دەکات لەگەڵ ئەویاریزانانەی بە بڕە پارەی زۆر یاری بۆ یانەو شاری دیکە دەکەن، ئەوەش ڕۆحیەتی یاریکردن کەم دەکاتەوە، یاریزان پرسیار لەخۆی دەکات ئایا چیم کەمترە لەم و لەو، من بەو داهات و موچە کەمە بۆشارەکەم یاریبکەم و، فڵان یاریزان بە بڕەپارەی باش لە یانەیەکی ترە؟

ململانێی تیپە میللیەکان هۆیەکی ترە، هەموو یاریزانێک بەپەروەردەی تیپێکەوە دەچێتە ناو یانەیەک، ئەوەش وا لەیاریزانان دەکات هەمان ئەو ململانێیانە بگوازنەوە ناو یاریگای یانەی شارەکەی خۆیان و، بەمەش زیانێکی گەورە لەناوی شارەکەی خۆیان دەدەن، بەهۆکاری ئەوەی کەمترین هەماهەنگی لەنێوانیاندا دەبینرێت لەساتی کێبڕکێدا.

جیا لەوە ڕاهێنەر کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ئەم ڕۆحیەتە، ئەگەر ڕاهێنەر دەستکراوە بێت لە ڕووی داهاتەوە، دەتوانێ لەماوەیەکی کەمدا گۆڕانکاری لەتەواوی پێکهاتەی یانەکەیدا بکات، بەڵام کاتێک دەستکراوە نابێت لەڕووی داهاتەوە، هەمان ئەویاریزانانەی ناتوانن ئەم ڕۆحیەتە دروست بکەن بەهۆکاری جیاجیا، جێگەیان پڕناکرێتەوەو، یانەکە بەهەمان ئەنجام و یاری دەمێنێتەوە.

هۆیەکی تر بۆ دروستنەبوونی ئەم ڕۆحیەتە، جیاوازی داهاتە بۆیاریزانان، هەمان ئەویاریزانانەی کەیانەو شوێن زێدی خۆیانە، کەمتر گرنگیان پێدەدرێت لە ڕووی داهات و یاریپێکردنەوە، یاریزانان کاتێک دەبینن، یاریزان لەدەرەوەی شارەکەی خۆیانەوە دێت بۆیاریکردن بە بۆندێکی خەیاڵی و، بەهەمان هێزو توانای یاریزانانی ناوخۆ، لەبەرامبەردا کۆمەڵێک یاریزان هەمان دڵسۆزی و خۆشەویستیان بۆیانەکە هەیەو بەهەمان تواناو لێهاتوویی، بەڵام بە موچەو گرێبەستی ئاسایی، ئەوەش هەست بە زوڵم دەکەن و ئەم ڕۆحیەتی یاریکردنە کەم دەکاتەوە، یان لەناودەبات.

لایەنی دەروونی لەئێستادا زۆر لەیانەکانمان لەناو یاریگاو شوێنی خۆیاندا گڕوتینیان زیاترە وەک لە ناو یاریگاکانی دەرەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کار نەکردن لەسەر لایەنی دەروونی یاریزانان، وادەکات لەچوونە دەرەوەیاندا ترس و دڵە ڕاوکێیەکی زۆر بیانگرێت و، هەمان ئەو ئەدایە جوانەی لە یاریگای خۆیاندا پێشکەشی دەکەن، لەیاریگاکانی دەرەوە پێچەوانە ببێتەوە، کە ئەمەجێگەی داخە.. ئەگەر تەماشابکەین زۆر لەیانەکانی بیانی لەخولەکاندا لە (چوون و هاتندا) بۆیاریکردنیان لەگەڵ تیپەکانی بەرامبەردا، چەند لەیاریگای خۆیان بەگڕوتینن بۆ یاریکردن، هێندەی ئەوەش بگرە زیاتریش، لەیاریگاکانی دەرەوە ئەدای جوان پێشکەش دەکەن و چاویان لەئەنجامی باشە و، تەنها ڕۆحیان لای یاریکردن و خۆشەویستی یانەو شارەکەیانە، نەوەک ترس لە هاش و هوشی جەماوەری زۆری تیپی ڕکابەر، زۆرجار دەبینین بەهێزتریش دەردەکەون بەبەراورد لەگەڵ تیپی خاوەن یاریگا، هەربۆیە ئەگەر چاودیری هەندێک لەیانەکانی خۆمان بکەین دەبینین، هێندەی دڵخۆشن بەویاریانەی کە لەیاریگای خۆیانن، کە ئەوەش ڕەوایە، چونکە لەناو هاندەرو جەماوەری خۆیانن دڵخۆشکەرترە، هێندە تامەزرۆنین بۆ گەشتی دەرەوەو بینینی جەماوەر و یاریگاکانی تیپی ڕکابەریان و، یاریکردن لەیاریگاکانی دەرەوەی شارەکەی خۆیان.

دەکرێت بڵێین؛ زۆر لەیانەکان هەر ئەوترس و دڵە ڕاوکێیەی کە لەجەماوەری تیپەکانی ڕکابەریان هەیانە، چەند کاریگەری هاندەران بەگشتی لەسەریان دروست دەبێت لەڕووی دەروونیەوە، هێندەش پەیوەندی بەو شەڕو ئاژاوانەوە هەیە کە لەناو یاریگاکانی کوردستاندا بەگشتی ڕوودەدەن.

هۆیەکی تر کە وەک نەخۆشی کەوتۆتە ناو گیانی هەندێک لەیانە، زوو زوو گۆڕینی ڕاهێنەر، بەچەند یاریەک خێرا گۆڕانکاری لە ڕاهێنەراندا دەکرێت پێش ئەوەی وەرز تەواو ببێت، بێئەوەی لەهۆکارە سەرەکیەکانی بکۆڵدرێتەوە، ئەوەش وادەکات یاریزانان سەرقاڵکات بە خۆگونجاندن بەچەند ڕاهێنەرێکی جیاواز و، کاریگەری تەواویش دروست دەکات لەسەریان، چونکە هەر ڕاهێنەرەو بە ئەداو کاری جیاواز دێتە ناو یانەیەک و بەبەرنامەو پلانی جیاواز کە تایبەت بەخۆیەتی، بگرە جیاوازیان لەشێوازی یاریکردنیشدا هەیە، بۆیە یاریزانان دەبێت چەندبارە ئەو خۆگونجاندنە لەگەڵ ڕاهێنەری نوێ دروست بکەنەوە، ئەوەش کار لە ئەنجام و شێوازی یاریکردنیان دەکات، بۆ هەر ڕاهێنەرێک یەک دوو یاری کەی پێوانەیە؟ هەندێکجار ڕاهێنەر توشی هەڵەیەک دەبێت لەیاری پێکردنی یاریزانان، بەیەک دووجار مانای ئەوەنیە ڕاهێنەر باش نیە، ئارامگرتن تاکۆتایی وەرز زۆر باشە، دەکرێت گۆڕانکاری لەپێکهاتەی ناویاریگادا بکات، یان گۆڕانکاری لە هەندێک شتی تردا بکرێت کە بووەتە هۆکار لەنێو خودی یانەکەدا.

دەبێت وریای هەندێک لە ململانێکانی ناو یانەکان بین لەناو خودی خۆیان، بۆ سەرنەکەوتنی پلانەکانی ڕاهێنەر، چونکە هەریانەیەک ئەو دیاردەیە یەخەی گرت، بێگوومان سەرکەوتوو نابێت.

لەکۆتایدا هۆکارەکان زۆرن تەنها بە وتارێکی لەوشێوەیە ناتوانرێت بەوردی بیخەینە پێش چاوی وەرزشکاران و وەرزشدۆستان، بەڵام دەکرێت بڵێم؛ ئەمانە بناغەی شکست و سەرنەکەوتنی زۆر لەیانەکانمانن.