خولی ئیتاڵیا.. ساسۆلۆ سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەسەر یۆڤانتۆس تۆمارکرد

AM:12:00:14/09/2026

248 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیتاڵیا؛ ساسۆلۆ سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەسەر یۆڤانتۆس تۆمارکرد.
لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی چوارەمی خولی ئیتالیا، یانەی ساسۆلۆ لە یاریگای خۆیدا میوانداری یۆڤینتۆسی کرد.
لە تایمی یەکەمدا هەردوو تیم ئاستێکی یەکسانیان پێشکەش کرد، سەرەڕای چەند هەوڵێک لەلایەن هێرشبەرانەوە، بەرگری هەردوولا ڕێگربوون لە گۆڵ تۆمارکردن.
لە تایمی دووەمدا یارییەکە وەرچەرخانێکی دراماتیکی بەخۆیەوە بینی. لە خولەکی 65دا سیباستیانۆ ئێسپۆسیتۆ گۆڵی پێشەنگی بۆ ساسۆلۆ تۆمارکرد، دواتر یۆڤانتۆس هێرشەکانی چڕکردەوە و لە خولەکی 82دا ئیدۆن ژێگرۆڤا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، هەیجان و دراما بۆ دواساتەکان مایەوە؛ کە تێیدا لە خولەکی 89دا کیرۆن باوی گۆڵی دووەمی بۆ ساسۆلۆ تۆمارکرد، بەڵام ژێگرۆڤا ڕاستەوخۆ لە خولەکی 90دا گۆڵی دووەمی خۆی و یۆڤانتۆسی تۆمارکردەوە، پاشان لە خولەکە زیادکراوەکاندا و لە خولەکی سێ، ڤاسیلیێ ئادژیچ گۆڵی سێیەم و یەکلاکەرەوەی بۆ ساسۆلۆ کرد و سەرکەوتنی تیپەکەی مسۆگەر کرد.
بەم ئەنجامە، ساسۆلۆ دووەم سەرکەوتنی وەرزی تۆمارکرد و کۆی خاڵەکانی گەیاندە حەوت خاڵ و هەڵکشا بۆ پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی، لە کاتێکدا یۆڤانتۆس بە یەکەم دۆڕانی و بە هەبوونی حەوت خاڵ لە پلەی هەشتەمدایە.