فلیک دوپاتیکردەوە بەهۆی هەڵەی ئەوەوە گۆڵیان لێکراوە

PM:10:43:13/09/2026

372 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فلیک دوپاتیکردەوە بەهۆی هەڵەی ئەوەوە گۆڵیان لێکراوە و باسی لە بارودۆخی یارییەکەش کرد.
هانسی فلیکی ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پاش سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر لیڤانتی لە خولی ئیسپانیا، ڕایگەیاند کە بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە زۆر دڵخۆشە، سەرەڕای ئەوەی لە تایمی دووەمدا دووچاری فشارێکی توند بوونەتەوە.
 فلیک بەرپرسیارێتیی گۆڵی یەکەمی لیڤانتی گرتە ئەستۆی خۆی و ڕوونی کردەوە کە بەهۆی دواخستنی گۆڕانکاریی ئێسپارت ئەو گۆڵەیان لەسەر تۆمار کراوە، چونکە یاریزانەکە پێشتر داوای چوونەدەرەوەی کردبوو بەڵام ڕاهێنەر بڕیاری دابوو کەمێک بوەستێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، فلیک ڕەخنەی لە ئاستی چیمەنی یاریگاکە گرت و جەختی کردەوە کاتێک بە ئەنجامی سێ گۆڵ پێشکەوتبوون، دەبوو کۆنتڕۆڵێکی زۆر باشتریان بەسەر ڕەوتی یارییەکەدا هەبووایە.
 ئاماژەی بەوەش دا کە ڕووبەڕووبوونەوەی لیڤانتی لەناو یاریگای خۆیدا ئاسان نەبووە، بەتایبەت کە لە هەشت یاریی ڕابردووی ماڵی خۆیاندا تووشی هیچ شکستێک نەبووبوون، لەبەر ئەوە لە نێوان هەردوو تایمەکەدا یاریزانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە کارەکە هێشتا تەواو نەبووە.
جگە لەوەش، ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پێویست بووە ڕەچاوی جەنجاڵیی خشتەی یارییەکان و بەڕێوەبردنی توانای یاریزانان بکەن بۆ یارییەکانی ناوەڕاستی هەفتە و یەکشەممەی داهاتوو.
 لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم سەختییانە نیشانەی گەشەسەندنی تیپەکەیە و لە ڕاهێنانەکانی داهاتوودا کار لەسەر چاککردنی کەموکوڕییەکان دەکەن، بەتایبەت لە شوێنگیریی دروست و وردبینی لە پاسداندا تا بە باشترین شێوە ئامادە بن.