جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان.. عێراق ریمۆنتادای بەسەرداکرا

PM:04:58:14/01/2026

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان عێراق لە دواساتەکان ریمۆنتادای بەسەرداکرا و بەرامبەر ئوسترالیا تووشی شکست بوو.

لە یارییەکی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای خوار تەمەن 23 ساڵان، هەڵبژاردەی عێراق رووبەرووی ئوسترالیا بووەوە.

تایمی یەکەم، هەردوولا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن، بەڵام یارییەکی چڕ بیندرا و لەو تایمەدا هیچکامیان رێگەیان بە رکابەرەکەیان نەدا گۆڵ تۆماربکات.

لە تایمی دووەم، لە خولەکی 63 ئەموری فەیسەڵ بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی عێراقی تۆمارکرد، دوای ئەو گۆڵە عێراق گەڕایەوە دواوە بۆ پارێزگارییکردن لە تۆڕی گۆڵەکەی.

بەڵام ئوسترالیا لە هێرشبردن بەردەوامبوو تا لە خولەکەکانی زیادکراودا دوو گۆڵی لەدواییەکی لە رێگەی دۆکۆلی و ماتیاس ماکالیستەر تۆمارکرد و ئەنجامەکەی پێچەوانە کردەوە.

سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی ئوسترالیا کۆتاییهات، بەم ئەنجامە عێراق بە دوو خاڵ لە پلەی سێیەمە و ئوسترالیا بە شەش خاڵ پێشەنگیی گرتووە.