راشفۆرد و یاریزانە خواستنەکانی تر ناگەڕێنەوە مان یونایتد

PM:06:55:07/01/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

راشفۆرد و یاریزانە خواستنەکانی تر ناگەڕێنەوە مان یونایتد و بڕیارەکەش لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی یانەکەوە دراوە.

دوای دوورخستنەوەی روبن ئەمۆریم، زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕینی راهێنەر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو یاریزانانە نابێت کە بە شێوەی خواستن یانەی مانچستەر یونایتدیان جێهێشتووە، چونکە بڕیاری دوورخستنەوەیان لە لایەن بەڕێوەبەرە باڵاکانی یانەکەوە دراوە نەک تەنها راهێنەر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی پاککردنەوەی ژووری جلگۆڕین و گۆڕینی کلتووری یانەکە، ستراتیژییەکی کارگێڕییە و تەنانەت بە هاتنی راهێنەری نوێش، دەرگای گەڕانەوە بۆ یاریزانانی وەک مارکوس راشفۆرد، جەیدۆن سانچۆ و راسموس هۆیلۆند واڵا نابێت.

مارکوس راشفۆرد کە لە ئێستادا بە شێوەی خواستن لە یانەی بەرشەلۆنەیە، وادیارە کۆتایی بە ژیانی وەرزشی لە ئۆڵدترافۆرد هاتووە، سەرەڕای ئەوەی لە خولی ئیسپانی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و لە 25 یاریدا خاوەنی حەوت گۆڵ و هەشت ئەسیستە، بەڵام کارگێڕی یونایتد پێیان وایە بۆ چاککردنی بارودۆخی یانەکە دەبێت دەستبەرداری بن و بارشاش دەتوانێت بە 30 ملیۆن پاوەند گرێبەستەکەی هەمیشەیی بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە راشفۆرد پێشتر بەهۆی کێشەی رەفتار و کەمیی هەوڵەکانی لە مەشقەکاندا، بە تەواوی لە چاوی راهێنەر و کارگێڕی یانەکە کەوتووە و هیچ هیوایەک بۆ گەڕانەوەی نەماوە.