پلانی کڕینی سێڤییا لەلایەن رامۆسەوە جددیە

PM:10:26:04/01/2026

88 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رامۆس لەگەڵ وەبەرهێنە ئەمریکییەکان دەیەوێت سێڤیا بکڕێتەوە بەڵام کێشەیان هاتووەتە پێش.

ئەو دەنگۆیانەی باس لە کڕینەوەی یانەی سێڤییا لەلایەن سێرجیۆ رامۆسەوە دەکەن، بەرەو ڕاستی دەچن و ئەگەرەکان زۆر جدی بوونەتەوە، بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەتلەتیک، رامۆس کە خۆی پەروەردەی ئەکادیمیای سێڤییایە، سەرکردایەتی گروپێکی وەبەرهێنەری بیانی دەکات و گرێبەستێکیان بە بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینەوەی تەواوی پشکەکانی یانە ئەندەلوسییەکە پێشکەش کردووە.

لەم پڕۆژەیەدا رامۆس تەنها وەک وەبەرهێنەرێک نییە، بەڵکو دەموچاوی سەرەکی و ناسنامەی پڕۆژەکەیە، کە سندوقێکی وەبەرهێنانی ئەمریکیش پاڵپشتی دارایی دەکات، مەرجی سەرەکی ئەم گروپە بۆ کڕینەوەی یانەکە، ئەنجامدانی وردبینییەکی دارایی دەرەکییە بۆ دیاریکردنی قەبارەی راستەقینەی قەرزەکانی سێڤییا، بەتایبەت ئەو قەرزە مشتومڕاوییەی لە ساڵی 2021 لە کۆمپانیای سی ڤی سی وەریانگرتووە، کە هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە ئایا وەک قەرز هەژمار دەکرێت یان نا.

پێشنیارەکەی رامۆس یەکێکە لەو سێ پێشنیارەی گەیشتووەتە دەست کارگێڕی سێڤییا، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم پلانە ئەوەیە کە بڕی 400 ملیۆن یۆرۆکە تەنها بۆ کڕینەوەی ناوی براندی یانەکەیە و بڕە پارەیەکی زیادە بۆ گەنجینەی یانەکە تەرخان نەکراوە تاوەکو هاوسەنگییە داراییەکانی پێ ڕاست بکرێتەوە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامانجی سەرەکی سێڤییا لە فرۆشتنی پشکەکانی، رزگاربوونە لە قەیرانی دارایی و گەڕانەوەیە بۆ سەر سکەی سەرکەوتنە وەرزشییەکان، بۆیە ڕەنگە ئەم خاڵە ببێتە بەربەست لەبەردەم خەونەکەی رامۆس بۆ بوون بە خاوەنی یانە کۆنەکەی.