ئەیوب کەعبی بووەتە جێگای سەرنجی چەندین یانەی بەهێز

PM:02:26:04/01/2026

132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەیوب کەعبی بووەتە جێگای سەرنجی چەندین یانەی بەهێز و دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.

یانەیەکی ئیسپانی چووەتە پێشبڕکێی گواستنەوەی ئەیوب کەعبی هێرشبەری مەغریبی، ئەمەش دوای ئاستێکی نایابی لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب لە پاڵەوانێتی ئێستای جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.

کەعبی تا ئێستا سێ گۆڵی لە پاڵەوانێتییەکە تۆمارکردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی پاڵەوانێتییەکە و سەرنجی چەند یانەیەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

ماڵپەڕی وەرزشی مەغریبی، مەغریبی سپۆرت، لە زاری ڕۆژنامەنووس ئارۆن دۆمینگێز کە تایبەتە بە گواستنەوەی یاریزانان ڕایگەیاندووە کە یانەی جیرۆنا چاودێری ئەیوب کەعبی دەکات و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات

کەعبی تا هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی هەیە، بۆیە رەنگە یانەکەی لە گواستنەوەی زستانەی ئێستادا ئۆفەری فرۆشتنی ئەو یاریزانە قبوڵ بکات، لە ترسی ئەوەی دوای چەند مانگێک بە خۆڕایی لەدەستی بدات.

ئەمە لە کاتێکدایە چەندین سەرچاوەی دیکە ئاشکرایان کردووە، هێرشبەرە مەغریبییەکە لەلایەن یانەی مارسیلیا فەرەنسییەوە داواکراوە، هەروەها جێگەی سەرنجی یانەی ئەهلی میسریشە.

کەعبی تەمەنی 32 ساڵە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان پێنج ملیۆن یۆرۆیە، لەم وەرزەدا لەگەڵ ئۆڵۆمپیاکۆس بەشداری 22 یاریی کردووە و خاوەنی 15 گۆڵ و دوو ئەسیستە.