ڤینیسیۆس و چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێ بەبابەتێکی ساختەکارییەوە تێوەگلاون

PM:08:38:21/10/2024

188 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤینیسیوس و رۆناڵدینیۆ چەند ئەستێرەیەکی پێشووی تۆپی پێ دەستیان لە ساختەکارییەکی کۆمپانیایەکدا هەیە.

لە راپۆرتێکدا کە پێگەی ئێل دیارۆ بڵاویکردوەتەوە، باس لەوەکراوە، سەدان کەس کە بوونەتە قوربانی بۆرسە و دراوی ئێلێکرۆنی، پلانیان هەیە سکاڵا لەسەر بیست یاریزانی تۆپی پێ تۆمار بکەن بەهۆی ریکلامکردن بۆ کۆمپانیای ئۆمیگاپرۆ، کە کۆمپانیاکە کاری ساختەکاری کردووە.

لەنێو یاریزانەکاندا ڤینیسیۆسی یاریزانی ریاڵ مەدرید، رۆناڵدینیۆ، کاکا، لویس فیگۆ، ئیکەر کاسیاس، کارلۆس پویۆڵ، ئێریک ئەبیدال، رۆبێرتۆ کارلۆس و فێرناندۆ هیێرۆ دەبینرێن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە سێ لە بەرپرسانی ئەم کۆمپانیایە لە زیندانن و دوو کەسیشیان هەڵهاتوون، هەروەها روون کراوەتەوە کە دەزگاکانی رێکخستنی چەند وڵاتێک پێشتر هۆشدارییان داوە کە کۆمپانیاکە جێی متمانە نییە.

ساختەکارییەکە لە ساڵی 2022 روویدا و لیژنەی بازاڕە داراییەکانی ئیسپانیا دوو ساڵ پێشتر واتە لە ساڵی 2020، ئۆمیگاپڕۆی بۆ لیستی بازرگانییە داراییە ناشەفافەکانی زیادکردبوو.