دیارترین خیانەتەکانی مێژوو

PM:02:30:25/04/2024

348 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تۆپی پێ بە درێژایی مێژووی خۆی پڕ بووە لە چەندین خیانەت بە شێوەی جیاواز، یەکێک لە دیارترین و بە ئازارترین و خیانەتەکانی مێژووی وەرزشەکە، خیانەتکردنە لە هاندەرانی بەرشەلۆنە لەلایەن یانەکەیانەوە لە یاری نێوان بارشا و فرانکفۆرت، لەو یارییەدا یانەکەی کەتەلۆنیا شکستی هێنا و ماڵئاویکرد لە یۆرۆپالیگ، یانەکەش خیانەتێکی گەورەی لە هاندەرانی کرد دوای ئەوەی بەشێکی بلیتەکانی بە هاندەرانی فرانکفۆرت فرۆشت، بە جۆرێک 30 هەزار هاندەر چوونە یاریگای نیو کامپەوە لەبری پێنج هەزار هاندەر.

یەکێکی تر لە خیانەتە گەورەوەکان لویس فیگۆی پورتوگالییە، ئەستێرەکە یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی سەرەتای ساڵانی 2000 کە یاری بۆ بەرشەلۆنە دەکرد، بەڵام کاتێک پێرێز بووە سەرۆکی ریاڵ مەدرید فیگۆی رازیکرد و بڕی شکاندنی گرێبەستەکەی دا کە 62 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئەوەش وایکرد ئەستێرەکە ببێتە یاریزانی ریاڵ و ناوی بە خیانەتکار لە بەرشەلۆنەدا دەنگیدایەوە و لە ئێستاشدا بە هەمان چاو سەیر دەکرێت.

چیرۆکی خیانەتی بەرشەلۆنە تەواو نابێت و نەیمار دا سیلڤاش لە بەشێکی یانەکەدا ناوی بە خیانەتکار رۆیشتووە چونکە یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی یانەکە بەڵام پاش ئەوەی پاریس ئامادەبوو بڕی شکاندنی گرێبەستەکەی بدات یانەکەی بەجێهێشت و دواتریش بووە گرانترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ.

بەشێکی تریش لە خیانەتەکان لەلایەن یاریزانەکانەوە کراوە بەرامبەر بە خۆشەویست و کەسە نزیکەکانیان، یەکێکیش لەوانە خیانەتی ماورۆ ئیکاردیە لە ماکسی لۆپێزی هاوڕێی، ئیکاردی و لۆپێز لە نێوان ساڵەکانی 2011 بۆ 2013 هاوڕێی نزیکی یەکتر بوون، بەڵام پاش ماوەیەک خۆشەویستەکەی لە ماکسی جیادەبێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیکاردی دەکات، ئەمەش بە یەکێک لە غەمگینترین و بەناوبانگترین خیانەتەکانی نێو یاریزانان دادەنرێت.

خیانەتی خۆشەویستەکەی دی برۆین و پاشان بەستنی پەیوەندی لەگەڵ کۆرتوا یەکێکی ترە لە رووداوە دیارەکان بە جۆرێک کارلۆین بە ئاشکرا باسی لەوەکرد ئەوەی تیبۆ پێیدەدات دی برۆین ناتوانێت پێی بدات، خیانەتی پیکێش لە شەکیرا ناکرێت لە بیر بکرێت کە پاش 12 ساڵ لە هاوسەرگیری ئەستێرەکەی پێشووی بەرشەلۆنە ژوانی لەگەڵ خانمێکی 22 ساڵاندا بەست و لە شاکیرا جیابوەوە.

بەشێکیش تریش بریتییە لە خیانەتی راهێنەران، یەکێکیش لەوان ئەنتۆنیۆ کۆنتیە راهێنەرەکە سەردەمێکی زۆر باشی لەگەڵ یۆڤانتۆس هەبوو، پاش ماوەیەک لە جێهێشتنی یانەکە بووە راهێنەری ئینتەر میلان سەرەڕای ئەوەی کینەیەکی مێژووی لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا هەیە، هەروەها یەکێکی تر لەو کەسایەتییە وەرزشیانەی بە خیانەتکار ناودەبرێ لۆپیتیگیە کاتێک پێش مۆنیالی 2018 راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بەجێهێشت و روویکردە ریاڵ مەدرید و ئەمەش کاردانەیەکی گەورەی لێکەوتەوە لە وڵاتەکە.