بەرشەلۆنە یاریزانێکی لیڤەرپولی دەوێت

PM:09:48:05/05/2024

2588 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە بەهۆی مووچەی زۆرەکەیەوە ئەگەری هەیە دەستبەداری لیڤاندۆڤسکی بێت و نونێزی بۆ جێگرتنەوەی دیاریکردووە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ بەرشەلۆنە گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێشووی خۆی و بووەتە یەکێک لە باشترین یاریزانانی یانەکە و توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لەو سەرکەوتنانەی کە یانە کەتەلۆنییەکە لە چەند هەفتەی رابردوو بەدەستی هێناوە.

بەڵام کێشە داراییەکانی ئەم یانەیە وایکردووە دەنگۆی زۆر ببیسترێت سەبارەت بە جێهێشتنی بارشا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لەلایەن ئەستێرە پۆڵەندییەکەوە، چونکە ئەستێرەکە یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لە ئێستادا زۆرترین مووچەی هەیە لە نێو یاریزانانی بەرشەلۆنە لەبەر ئەوەش ئەگەری ئەوە هەیە ئەوانیش هیچ بژاردەیەکی تریان نەبێت جگە لە دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە.

لە ئێستادا ڕۆژنامەی سەنی ئینگلیزی بڵاویکردوەتەوە، کارگێڕی بەرشەلۆنە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی نونێز دەکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ناچار بێت یانەکە جێبهێڵێت، بتوانن ئۆفەرێک پێشکەشی لیڤەرپوول بکەن بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە.

مووچەی لیڤاندۆڤسکی لە وەرزی داهاتوودا نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت کە دەکاتە نزیکەی سەدا 15ی مووچەی سەرجەم یاریزانانی بەرشەلۆنە، ئەمەش وا دەکات کارکردن لەگەڵیدا زۆر قورس بێت و ئەگەری ڕۆیشتنی بەهۆی ئەو ئۆفەرە باشانەی کە لەلایەن سعودیەوە پێگەیشتووە رێژەیەکی بەرزە.