سیناریۆکانی داهاتووی سوریا
AM:11:14:06/12/2024
3344 جار خوێندراوەتەوە
کـەمـال محەمەد
+
-
ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ناوچەیەی كە زۆری چەشتوە بەدەست سەركوتكاری
سیاسی و هزری و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە كە وەك دەستەیەكی دامەزرێنەر ڕۆڵی خۆیان بینیوە
لەپێناو گرێبەستێكی سیاسی و نەتەوەیی بەرفراوان لەپێناو رێكخستنی سیستەمێكی خۆبەرێوەبەرێتی
گشتگیر،لەئاكامیش گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر سیستەمێكی فیدڕاڵی كە مافی كوردان زامن
بكات بەڵام ئێستا دوبارە دوای گرژییەكانی سوریاو تاقمە تەكفرییەكان وا دیارە كورد
و قەوارە خۆبەرێوەبەرییەكەی قوربانی سیستەمە سەرمایەدارییەكەیە كە گەیاندویانەتە قۆناغی
بەكاربەری و دەرگا لەسەر بەسەر دەرەنجامە مەترسیدارە نەرێنییەكان ئەخاتە سەرپشت ،بۆیە
جەنگی سوریا ئەتوانرێ بە شەرێكی بریگرتەیی بزانرێ كە تیایدا زلهێزە جیهانی و ناوچەییەكان
بۆ لاوازكردنی ناڕاستەوخۆی نەیارەكانیان یان پاراستن و فراوانكردنی پەراوێزی كاریگەری
خۆیان لە ناوچەكە بەكاری ئەهێنن و كوردیش وەك قوربانی بەشێك لەو هێزەبەكار ئەهێنرێت
،هەر ئەمەشە وایكردوە كانتۆنە سێیانەكانی ڕۆژئاوا سەرباری ئەزمونێكی تازەو گەشاوە
بەرەو لەناوچون ئەچێت ،ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ناوچەیەی كە دەستكەوتی زۆر سیاسی و نەتەوەیی
لێ وەدەست هاتوە، بۆیە مانەوەی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان واتە بەتەواوی مانەوەی
هێزی كوردان دژی تیرۆریزمی ئیمپریالیستی و هێزە تەكفرییەكانی سەربە داگیركەران
چونكە مانەوەی هێزی كوردان لە ڕۆژئاوا مژدە بەخشی سەقامگیری و ئارامییە بۆ هەر تاكێكی
كورد و كوردستانێكی گەورەی بەشكراو .
ئێمەی كوردپێویستە لە هەلومەرجە مێژووییەكانی
ئەمڕۆمان و لە دەروازەی گۆڕانكارییەكاندا بڕوانین
و تێبگەین ئەوەی بۆ كورد گرنگە بەكارهێنانی دەرفەت و توانستەكانە لە ژێر ڕۆشنایی و
هەڵسەنگاندنێكی بەرفراواندا كەچۆن هەوڵی چارەسەری كێشەو دیاردەی كورد بدرێت ،دەشێ
هەوڵەكان وەك وەڵامێك بێت بۆ تەواوی ناوەند و دەوروبەرە پەیوەندیدارەكان كە دەركی
پێ بكرێت ،تاكو بتوانرێت كاروانی داواكارییەكانی ملیۆنان كەس بۆ ئازادی وڵات و دیموكراسییەت بۆ گەل بەدەست
بهێنرێت،
ئەو گۆڕانكارییانەی ڕۆژانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی
خۆڕهەڵاتی ناوین هی نوێتری دێتە سەر،لێرەدا كێشەكانی ژیان ومافی چارەی تەواوی گەلانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و لەسەرو هەموشیانەوە گەلی كورد دورە لەوەی لە بەرژەوەندی مافەكانی
مرۆڤ و دیموكراتیزەبون دابێت ،ئەمە بەرژەوەندیپەرەستی و نەخۆشی زێدەڕۆیی و فراوانكردنی هەژمونی ئیمپریالیستییەكانیان
نیشان ئەدات ، بەردەوام دواخستنی چارەسەری كێشەی كورد دەشێ ڕێگا لە پێش هەندێ
روداو بكاتەوە كە چەندین جار لەوانەی پێش خۆی قورستر بێت و مەترسی سنورداركردنی لە
پارچە بەشكراوەكانیدا بێتە ئاراوە،
ئەمڕۆی دنیای كەپیتاڵیزم و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكان ڕێگر بوە لە چارەسەركردنی
كێشەكان و ئەمەو جگە لە نەبونی گوتارێكی سیاسی هاوبەش و خاوەن ستراتیژێكی واقعی هەمیشەیی
لە نێوان كوردەكان خۆیاندا ،كە نەیتوانیوە رەوایەتییەكانی خۆی بكاتە بنەمای لابەلای
ڕێكەوتن و پەیوەندییەكانی وڵاتانی زلهێز و خەباتێكی جددی مێژوو سیاسەتیان ئەنجامنەداو
گوتارەكانی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی گەل رەنگی راستەقینەی بژاری ژیانی گەلێكی دەست
نیشان نەكرد لێكۆڵینەوەی دیاردەی كورد لە مێژودا لە میانەی ماتریال و تواناكاری
سنوردارەوە بەرێوە براوە ،هەمیشە لایەنی سۆزداری و دۆگماییان هۆكار بون كە كێشەكان
و دۆزی كورد راستی بەدەستەوە بدەن و لە ناو زەمینەیەكی تاریكدا لەلایەن دەرورو بەرەوە
حكومی لەسەر دراوە،
ئەمڕۆكەی كورد لە پارچەكانیدا پێویستە بە
ئومێدی پێشكەوتنی هاوبەش بەشدارییان لە گۆڕانكارییەكانی
ئاییندەدا بكەنە بنەمای هێزی ناسین و پێشخستنی خودی خۆیان و بیسەلمێن كە كوردانیش
خاوەن بەهای خۆیانن و ئەگەر ئەو بەهایانەیان نەبوایە ئایا كوردان دەیانتوانی بەشداری
شەڕی ڕزگاری جیهان بكەن لەدەست تیرۆرستان و مەترسییەكانی ،بۆیە ئەگەر تا دوێنێ
كوردەكان بە ئاژاوەگێڕ ئەناسێنران لەلایەن داگیركەرانییەوە،ئەوا ئەمڕۆ كۆمەڵگای جیهانی
تاڕادەیەكی زۆر پێچەوانەكەیان بۆ ڕوون بۆتەوە،
ئەگەرچی توركیا وەك یەكێك لە وڵاتانی
پاوانخوازی و هزری داگیركاری ئەوانەی كوردستانی گەورەیان بەسەردا دابەشكراوە ڕۆژ بەڕۆژ
خەونی لە زیاد بوندایە ئەمڕۆكەی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕوبەروی قۆناغێكی سەختی داگیركاری
و جینۆساید كردۆتەوە لە كۆمەڵگایەكی جیهانی بێ هەڵوێستدا كەتیایدا مافەكانی مرۆڤ و
هزری دیموكراسی ئەو دو بابەتەن وەك بڵێی نەفرەتیان لێ كراوە ئەمەش نیشانی داوە كەتوركیا
وسیاسەتەكانی بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ هەمیشە رێگربون لەبەردەم خۆییبونی سیاسەت و دیبلۆماسییەتی
كوردەكان لەخۆنیشاندانیاندابەروی جیهاندا بۆئەوەی گەلی كورد نەگاتە ڕێگا چارەی
راستەقینەی گەشتن بەرەوایەتییەكانی و سود لەچێوەی سۆسیۆمێژوویی خۆی نەبینێت
تادواجار لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بەهاو گرنگی خۆی وەربگرێتەوە ،بۆیە هەمو خەون
سیاسەتێكیان بەرامبەر بەكورد بۆدور كەوتنەوەیان بوە لە ماف و شوناسەكان كە سەردانەكەی
ئەردۆغانیش بۆ ئەمریكا لەڕۆژانی داهاتودا بەشێك ئەبێت لەپلانەكانیان،
بۆ باشوریش دیاردەی كوردستانی فیدراڵ وایكردوە
لەدواین پێشهات و ناڕەزایەتییەكانی گەلانی عێراق هەلێكی زێڕین بخاتەبەردەست لایەنە
سیاسی و مەزهەبییەكانی تا جارێكی دیكە ڕەچاوی دەسەڵات و پێدراوە دەستورییەكانی بكەنەوەو
وەك هەمو كات و زەمەنێك دیسانەوە هەوڵ و لێكدانەوەی چەوت لە بەغدادەوە دەربخەنەوە
،بۆیە پێویستە پارتە سیاسیەكانی كورد بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد دەسەڵات
و سیاسەتی خۆیان ڕێكبخەن و كرانەوەی ئاسۆی هیوایان نەك تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڵكو
بۆ هەموو جیهان جێگای تێڕامان بێت،
بۆیە ئەوەی بۆ كوردەكان گرنگە لە هاوكێشەكانی
ناوچەكە ئەوەیە سەرلەنوێ خۆیان فۆرمۆلە بكەنەوە و هەوڵ بدەن سود لەشیكار و ئەزمونی
میتۆدی مێژوو وەربگرن و لەوەدا هەوڵ بدەن پێكەوەییان ببێتە كۆسپێك بۆ ڕودانی هەرجۆرە
گۆڕانكارییەك كە درێژە بەماوەی یەك سەدە لە چەق بەستویی بەسەر دۆزی كورد و خاكەكەیدا
سەپاندوە بۆ ئەوەی دوبارە راسیزم و ناسیۆنالیزمی كوێرانە پشكی شێری قوربانیدانی پێ
نەبەخشێتەوە ،بۆیە پێویستە هەوڵدان بۆ شرۆڤەكردن و ڕونكردنەوەی ئاراستەی گۆڕانكارییەكان
گرنگترین ئامانجی داهاتویان بێت تاچیدیكە توانای وەك خۆیان بیركردنەوەو نوێنەرایەتیكردنی
ئیرادەی خۆیان لەدەست نەدەنەوە لەدوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.