سەردێڕ:

یەکێتی و پارتی وەک دوو حزبی رەفتار کۆلۆنیالیزم

PM:06:19:03/06/2024
3636 جار خوێندراوەتەوە
گۆران هەڵەبجەیی
+ -

لەوکاتە دەترسێم کە کوردستان لەلایەن کوردەوە داگیر دەکرێت، (حەمەسەعید حەسەن).

خەسڵەتی داگیرکەر (کۆلۆنیال) بریتیە لە بەتاڵانبردنی هەرچی داهات و بەروبوومی وڵاتی داگیرکراوە، واتە هەر چییەک سوودی هەبێت وەک کانزا و کانەکانی ژێر زەوی، بەروبوومی سەر زەوی و کشتوکاڵ، خاک و سەر خاک و شتی دیکەی تر کە بکەوێتە خانەی ئابووریەوە و جێگەی بایەخ بێت.

دەمێک وڵاتێکی داگیرکەر وڵاتێکی دیکە یا دەڤەرێکی دیکە داگیر دەکات، پارە خەرج دەکات، سوپا دەنێرێت، پلان دادەنێت، تەنها لە پێناوی یەک ئامانجدا، ئەویش قازانجی ماددیە، (بۆ گەیشتن بەو ئامانجە وڵاتی داگیرکەر هەموو رێگەیەک بە مەشروع دەزانێت) کە ئەمەش، (مەبدەئێکی میکافیلییە).

لەکن داگیرکەر ئەوەی نرخی نییە مرۆڤەکانی وڵاتی داگیر کراوە، حسابی ئاژەڵیان بۆ دەکرێت، مافیان دەخورێت، سوکایەتیان پێ دەکرێت، زیندانی دەکرێن، دەکوژرێن، تیرۆر دەکرێن.

گەر ئەم کورتە پێناسەیە بەراورد بکەین لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا، رێک (کاڵا بەقەد باڵا) دەبێت.

رەفتار و سیاسەتی ئەم دوو حزبە لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا لە گەڵ خەڵک و خاکدا تەواو داگیرکەرانەیە، شتێک نییە وڵاتانی داگیرکەر کردبێتیان و یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستاندا نەیان کردبێت، لەو دەمەوە تا ئێستا هەرچییان کردووە تەنها یەک ئامانجی لە پشت بووە، ئەویش دزی و تاڵانییە لە ماڵی گشتی.

لەبەر ئەووی خۆیان دەسەڵاتداری رەهان، هەر بۆیە دزی، داگیرکردنی شوێنە بەنرخەکان، گەندەڵی، زەوتکردن، بێکێشە ئەنجامیان داوە، خۆ ئەگەر هەر تەگەرەیەکیش هاتبێتە رێگەیان، ئەوا لە رێگەی هێز و هەڕەشەوە بە تەلەفۆنێک چارەسەریان کردووە.

باوەڕ ناکەم سەکتەرێک، بوارێک، پێگەیەک، زەوییەکی بە بەها و بایەخدار، شوێنێکی ستراتیژ، زەوریەکی بە پیت و بەرهەمدار مابێت و دەستی ئەم مافیایانەی پێ نەگەیشتبێت، ئەمانە لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتدا، بەتاڵانبردنی بەروبووم و داهاتدا، قۆرخکردنی کایە ئابوریەکاندا، چەوساندنەوە و بێ کەرامەتکردنی خەڵکەکەیدا، لە ئیستعمار ئیستعمارتر و بێبەزەییترن.

دەبینین ئەم دوو حزبە رەفتار ئیستعمارییە بەردەوام بەبەر چاومانەوە، دەستدرێژی بۆ ماڵی گشتی دەکەن، دارستانی سنەوبەر دەسوتێنن و دەیکەنە پڕۆژەی کۆمپانیاکانیان، گوێچەم و گرد و تەپۆڵکە تێک دەدەن و دەیکەنە ئەپارتمان، زەویی کشتوکاڵی تەلبەند دەکەن و دەیکەنە شوێنی رابواردن، خانوو، سینەما، گەڕەکی کۆن و گوند دەڕوخێنن و دەیکەنە مۆڵ و بازاڕ، گەراجی پاس و سایلۆ تێک دەدەن و دەیکەنە پڕۆژەی بازرگانی، قوتابخانەی تەمەن پتر لە ٦٠ ساڵ دەڕوخێنن و دەیکەنە گەراجی مۆڵەکەیان، تەجاوز لەسەر کۆڵان، شەقام، رێگای دەرەوە، یاریگا و باخچە و زەوی رووکن و داروبەرد دەکەن و دەیانخەنە سەر ئەملاکەکانیان، بستێ زەوی کوردستان نەماوە بۆ نەوت هەڵنەکەنرابێت، شوێنی خۆش و بەرزایی و گردۆڵکە نەماوە بۆ بارەگا و نیشتەجێبوون داگیر نەکرابێت، ئەمانە هەمووی سیاسەتی داگیرکەرانەیە کە ئەم دوو حزبە پەیڕەوی دەکەن.

کەواتە ئەتککردنی شاخی گۆیژەش دەکەوێتە نێو هەمان پرۆژەی کۆلۆنیالیەوە و بە ئاسانیش دەستبەرداری نابن.

کەی وازیان لەسرووشتی داگیرکەرانەیان هێنا (کە مەحاڵە)، ئەو کاتەش تەجاوازکردن لەسەر موڵک و سامانی گشتی کۆتایی دێت.

هەست دەکەم لەم دۆسیەیەشدا کە گرنگ و بایەخدارە و پەیوەندی بە ژینگە و سیمای سلێمانییەوە هەیە، خەڵکی باژێڕ و زۆرێک لە رووناکبیرانی شارەکە زۆر خەمساردن، ئەم ئەرکە قورسە بە تەنها کەوتووەتە سەر شانی چەند بەڕێزێک، وەک ئەوەی دانیشتوانی سلێمانی هەر ئەو چەند کەسە بن.

پاڵپشتی ئەو گرووپە ئەرکی هەمووانە، چونکە تا فشارەکان زیاتر بن و بازنەی بەشداربووان فراوانتر بێت، دیارە کاریگەری لەسەر ئەو کۆمپانیا حزبیانەی گۆیژە ئەتک دەکەن زیاتر دەبێت.

گەلەری