سەردێڕ:

شکستی دیموکراسی لەدوای رژێمی سەددام

PM:02:59:10/02/2024
8408 جار خوێندراوەتەوە
عیرفان عەلی حەسەن
+ -

نزیکەی مانگێکی دیکە یادی ٢١ ساڵەی رزگارکردنی عێراقە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کە ئامانجەکەی بەگوتەی خۆیانی هێنانی دیموکراسی بوو بۆ وڵات و رزگارکردنی بوو لە دیکتاتۆریەت. ئێستا دوای زیاتر لە دوو دەیە عێراق و کوردستان نەک دیموکراسی نین بەڵکو بوونەتە خاوەن سێ هێزی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور و نادیموکراتی و میلیشیایی.

بۆ تێگەیشتن لە دۆخی چەقبەستووی عێراقی دوای رژێمی سەددام، پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی دوورودرێژ و خوێندنەوەی قووڵ نییە. هەر ئەوەمان پێویستە کە تەماشای دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بکەین کە هەموویان لەوپەڕی خراپیدان. کوردستان و عێراق لەم بوارانەدا لە دۆخی داڕمان و شکستێکی گەورەدایە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەبوو لانیکەم حەشدی شەعبی و پارتی و یەکێتی بۆ خەڵکەکەیانی دابینبکەن، ئاسایش و سەقامگیری ئەمنییە، چونکە ئەمانە هێزی ئەمنی و خاوەن هەواڵگرین و کاری سەرەکییان پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتە. کەچی لەم بوارەشدا وڵاتیان رووبەڕووی گەورەترین کێشە کردووەتەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و تۆپبارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و بۆمبارانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کورستان، خاڵێکی هاوبەشیان تێدایە. هێرشکارەکان و وەرگرەکانیان جیاوازن لە ناو و رەنگدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەکێکن؛ هەموویان ئەنجامی شکستی ئەو سێ لایەنەن کە هەر یەکێکیان حوکمی پارچەیەکی عێراق دەکات لە کفرییەوە بەسرە.

حەشدی شەعبی بەهۆی سیاسەتە ئیقلیمییەکانی لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی وڵاتێک، بووەتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە بیانوو بداتە دەست ئەمریکییەکان کە هێرشبکەنە سەر عێراقییەکان و هەم خەڵکی مەدەنی بکوژن و هەمیش مانەوەیان لە وڵاتدا درێژبکەنەوە. بە مانایەکی دیکە بەهۆی هێرشە شکستخواردووەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان کە تائیستا هیچ زیانێکیان پێنەگەیاندوون، هەم خەڵکی بێتاوانی عێراق دەکوژرێن و هەمیش ئەمریکا بیانووی بۆ مانەوە زیاد دەکات.

لە کوردستانیش چیرۆکەکە هەمانشێوەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا دەکات لەکاتێکدا ئەو وڵاتە بەردەوام سنوورەکانی کوردستان دەبەزێنێت و بە درۆن هێرشدەکاتە سەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەر لە دهۆکەوە تاوەکو سلێمانی و گەرمیان. هەر بەهۆی سیاسەتی پارتی، ئێرانیش ماوەیەکە دەستیکردووە بە بۆردوومانی ناوچەکانی زۆنی زەرد و لەو هێرشانەشدا خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەهۆی ناهاوسەنگی لە سیاسەت و پشتیوانی بۆ هەندێک لایەن و وڵات، وایکردووە هەم تورکیا هێرشبکاتە سەر ناوچەکانی زۆنی سەوز و هەمیش دەروازی ئاسمانی وەک فڕۆکەخانە بەڕوونی سلێمانیدا دابخات.

بەهۆی ئەم دۆخەوە نائومێدی لەناو کوردستانی و عێراقییەکاندا بەبێ جیاوازی دروستبووە، بەداخەوە هەڵەیەکی گەورە لەناو توێژی گەنجاندا هەیە کە هەندێک خۆزگە بە سەردەمی رژێمی پێشوو دەخوازن کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. بەڵام پێش هەموو کەس دەبێ هێزە باڵادەستەکانی عێراق و کوردستان لە خۆیان بپرسن کە بۆچی گەنجان بەم جۆرە بیردەکەنەوە. ئایا ئەوەی لە عێراق هەیە دیموکراسییە یان سەردەمی گرووپ و ملیشیایی سەروو یاسا؟

بێگومان وەڵامەکە روونە، کوردستان و عێراق لەلایەن سێ هێزی سەرەکییەوە کە وەک میلیشیا مامەڵە دەکەن نەک نەبووەتە دیموکراسی، بەڵکو لە دۆخێکی پشێویدایە کە خەڵک ئاوات بە سەردەمی دیکتاتۆریەت دەخوازن. ئەوەی روونیشە ئەوەیە دۆخی عێراق و کوردستان باشتر نابێ تاوەکو لەبری دەوڵەت چەک لە دەستی گرووپ و حزبی جیاوازدا بێت.

گەلەری