سەردێڕ:

هیومان رایتس وۆچ باس لە دۆخی ئازادی رادەربڕین لە هەرێم دەکات

PM:04:01:13/01/2022

1776 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە رێگەی دادگایی کردن رۆژنامەنوس و چالاکوانانەوە پەیامێکی بە بێدەنگی دایە هەموو رۆژنامەنوس و چالاکوانێت هەرکەس رەخنە بگرێت ئەمە چارەنوسی دەبێت.


لە نوێترین راپۆرتی ٢٠٢٢دا، رێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری کردنی مافەکانی مرۆڤ "هیومان رایتس وۆچ" کە بەشێکی تایبەتی بۆ رەوشی مافەکانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان تەرخان کردووە، تیایدا هاتووە، بە درێژایی ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی هەرێم چەندین دۆسیەی لە دژی ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنوس بەهۆکاری نوسینەکانیان لە دادگا جوڵاندووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا دادگای کەتنی پارێزگای هەولێر سزای زیندانی کردنی شەش ساڵی بەسەر سێ رۆژنامەنوس و چالاکواندا سەپاند، جگە لەوەی دادگاییکردنەکانیان خاڵی نەبووە لە نادادپەروەری و دەستوەردانی سیاسی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە، هەروەها، دادگا رەتیشی کردەوە لێدوان لە راگیراوەکان لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدا وەرگیرابێت.

راپۆرتەکە لە درێژەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و تەشهیرکردن دەستگیر کراون و دادگایی کراون و سزای بەسەردا سەپێنراوە لە مانگی حوزەیران و تەمموزی ساڵی ٢٠٢١دا. هەروەک چۆن چوار چالاکوان و رۆژنامەنوسی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکران و سزای دوو ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا لە ٨ی تشرینی دووەمدا.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەریەک لە کارگەر عەباس و بندوار ئەیوب بە زیندانی کردنی ساڵێک و دوو مانگ سزا دران و مەسعود عەلیش بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی کردن سزا دراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەلقیس والی توێژەر لە بەشی قەیرانەکان لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە، جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر را دەربڕین خەڵکی دەداتە دادگا، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت پارێزەریان بێت.

دەشڵێت، بەم دادگایی کردنە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بێدەنگی پەیامێکیان دایە هەموو رۆژنامەنوس و چالاکوانێک کە هەرکەس رەخنە بگرێت ئەمە چارەنوسی دەبێت.

راپۆرتەکەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بەشێکی بۆ بەدوادچوونی دۆخی مافی مرۆڤ و چالاکوان و رۆژنامەنوسان تەرخانکردووە و تیایدا هاتووە، حکومەتی عێراقی کەمتەرخەمە بەرامبەر پاراستنی چالاکوانان و مافەکانیان. دەشڵێت، "ئەو بەڵێنەی دابووی بە لێپرسینەوەی ئەو بەرپرسانەی دەستدرێژییان کردبووە سەر چالاکوانان نەی بردووەتە سەر".

بەگوێرەی راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ، دەستدرێژییەکان لە عێراق، دەستگیرکردنی بەزۆر و رفاندن و شاردنەوەی بەزۆر و کوشتن لەدەرەوەی یاساشی گرتووەتەوە.

دەشڵێت، تەنانەت لە ئەنجامی نەبوونی لێپرسینەوە لە بەرپرسان و کەمتەرخەمییەکان هێرش کرایە سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەوڵی کوشتنی درا لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا.

لەلایەن خۆیەوە، کینیس رۆس بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە، لەکاتێکدا خەڵکی رووبەڕووی دەستگیرکردن و دەستڕێژی گوللـەبوونەوە، رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هێشتا دیموکراتی توانای ئەوەی هەیە خەڵک بۆلای خۆی رابکێشێت.

دەشڵێت، تەنانەت لە ئێستادا دەسەڵاتدارەکان ناتوانن وەک پێشووتر یاری بە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی بکەن.

لە بەشێکی دیکەی راپرۆتەکەدا هاتووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی خۆپیشاندەرانیان کوشت لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٠ بەردەوامی هەبوو کە بەهۆیەوە ٤٨٧ کەس کوژران، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە هیچ ئەنجامێکی لیکۆڵینەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەندامانی "گروپی مردن"یان دەستگیرکردووە و راشیگەیاند کە ئەم گروپە بەر پرسە لە کوشتنی سێ لە چالاکوانانی پارێزگای بەسرە و لە پارێزگای بەغداش دەسەڵاتداران رایانگەیاند سێ ئەفسەری پلە نزمیان دەستگیرکردووە کە دەستیان هەبووە لە دەستدرێژی و هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەران.

لە راپۆرتەکەشدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی عێراق ئاشکرایان کرد کە بکوژی چالاکوان و راڤەکاری سیاسی هیشام هاشمی دەستگیرکراون کەلە ساڵی ٢٠٢٠ کوژرا. دەشڵێت، حکومەت سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەندامێک لە هێزەکانی پۆلیس دەرکرد بە تۆمەتی ئەندام بوون لە "گروپی مردن" دا.

هەروەها، لە بارەی رێکخراوی جوڵانەوەی گەنجان، راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆج دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێرقدا جوڵانەوەکە توانیویەتی ١٥ کورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام تا ئێستاش بەرپرسانی جوڵانەوەکە ترسیان هەیە، تەنانەت بەشێکیان لە ترساندا نەیانوێراوە خۆیان کاندید بکەن.

رێخکراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ "هیومان رایتس وۆچ" نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە ٢٠٢٢ بڵاو کردووە کەلە ٧٥٢ لاپەڕە پێکهاتووە و باس لە پێدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠٠ وڵاتی جیهان دەکات لە نێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.













گەلەری