سەردێڕ:

وەزیری سامانە سروشتییەکان لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە قسەدەکات

PM:03:02:10/01/2022

8628 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتی سپی لە دەستی ئەواندا نییە، چونکە خۆیان بەرهەمی ناهێنین، بەڵکو بە هاوکاری حکومەتی عێراق دەیهێنن.


کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە کاتی سەردانیکردنی بۆ قەزای شێخان بە میدیای پارتی راگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە کە بە سێ قۆناغ ٢٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرێت و لە ئێستادا تەنها یەک قۆناغی گەیشتووە.

کەمال ئەتروشی باسی لەوەشکردووە، بەغدا پێویستە بەردەوام بن لە ناردنی نەوتەکە، ئەگەر دواشکەوێت پێیاندەڵێن چارەسەری بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بەرنامەی ئەوان سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکەن کە لە قۆناغی یەکەمدا جێبەجێکراوە و لە قۆناغی دووەمیدا لە سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق باشبووە و هیوادارە لە کابینەی نوێی حکمەتی عێراقدا پەیوەندییەکانیان بەو شیوەیە بمێنێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش هاتنی وەرزی سەرما کەمال ئەتروشی وتی، "خۆم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم تاوەکو بزانم هەموو ماڵێک نەوتی وەرگرتووە"، بەڵام تاوەکو ئێستا کە بەشێکی زۆری وەرزی سەرما تێپەڕیوە لە زۆرێک ناوچەکان نەوت دابەشنەکراوە.

لە مانگی رابردووشدا، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ئاکرێ دایکێک و چوار منداڵ بەهۆی غازی خەڵوزەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا خنکان.

کاربۆن مۆنۆئۆکساید، گازێکی بێ تام و بێ ڕەنگ و بێ بۆنی مەترسیدارە. چڕی لە هەوا کەمترە و لە سەرچاوەی جیاوازەوە لە سروشتدا بوونی هەیە. لەکاتی سوتاندن و گەشانەوەی خەڵوزدا دروستدەبێت و گەر ئەو شوێنە دەرچەی هەوا گۆڕکێی تیا نەبێت مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ تا ئاستی گیانلەدەستدان دروستدەکات.













گەلەری