سەردێڕ:

ئایا پارتی کاندیدی سەرۆک کۆماری دەبێت؟

PM:02:09:10/01/2022

12252 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای دابەشبونی یەکێتی و پارتی لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەماندا بەسەر دوو گروپدا، گروپێک لەنێو پەرلەمان و دووەمیش لەدەرەوەی، داهاتووی رێککەوتنی ئەو دوو حزبەو پۆستی سەرۆک کۆمار هاتۆتەوە بەرباس.


ئەگەرچی پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانیی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بایکۆتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان نەکرد و دەنگیان نەدا بەکاندیدانی پارتی و تەقەدوم و سەدر، بەڵام هێشتا ئومێدەوارن پۆستی سەرۆک کۆمار وەک بەرکەوتەی حزبی خۆیان وەربگرنەوە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى ئێن ئاڕتی، پارتی بەپێی رێککەوتنی پێشوەختەی لەگەڵ یەکێتی، لارى له‌وه‌ نییه‌ كه‌ یه‌كێتی پۆستى سه‌رۆككۆمار وه‌ربگرێت، به‌ڵام بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رگرێت.

بەپێی زانیارییەکان زۆرینەی سەرکردایەتی ئەو حزبە تێبینیان لەسەر بەرهەم ساڵح هەیەو گرێی سەپاندنی بەرهەم ساڵحیان لەساڵی ٢٠١٨ بەسەر کاندیدەکەی بارزانی(د.فواد حسێن) لەلا ماوەتەوە.

میدیاکانی پارتی لەدوێنیوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر یەکێتی سور بێت لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح ئەوا ئەوانیش ناچار دەبن کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ناوی سەرۆکی شاندەکەشیان بۆ بەغدا، هوشیار زێباری دەهێنرێت.

بەڵام پەرلەمانتارێکی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەهدی کەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کورد دوو کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو کاندیدەکە لەلایەن یەکێتییەوە دادەنرێن.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، بابەتەکە یەکلایی بووەتەوە چ لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان و چ لەگەڵ فراکسیۆنی تەقەدوم و سەدری.

وتیشی:"هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت".

بەپێی زانیاریەکان هێشتا بەرهەم ساڵح بەهێزترین کاندیدی نێو یەکێتییەو لەدوای ئەو ناوی هەریەک لەعیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خوسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەهێنرێت.

هه‌رچه‌نده‌ بەهۆی نەبوونی بڕوانامەوە چانسی عیماد ئەحمەد کەمبۆتەوە، چونكه‌ به‌پێى ده‌ستوور نابێ سه‌رۆككۆمار بڕوانامه‌ى له‌ به‌كا‌لۆریۆس كه‌متر بێت.













گەلەری