سەردێڕ:

لە ساڵیادی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپتۆڵ بایدن پەیامێکی هەیە

PM:10:27:06/01/2022

2932 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد تڕەمپ هەوڵیدا دەستاودەست کردنی دەسەڵات بە ئاشتی پەکبخات و رێگری لێبکات. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، "دواجار دیموکراتی سەرکەوت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ساڵیادی هێرش کردنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ناو باڵەخانەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، تڕەمپ هەڵبژاردنەکانی نەدۆڕاند، بەڵکو هەوڵیدا رێگری بکات لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوەی ئاشتیانە.

وتیشی، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەم رووداوە دووبارە بێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەبارەی رووداوەکەی کاپیتۆڵەوە ئاماژەی بەوەشدا، هێرشبەرەکان تەنها ژیانی سەرکردەکانیان بە ئامانج نەگرت، بەڵکو دامەزراوەکان و بەهاکانیان بە ئامانج گرت کە ژمارەیەکی زۆر خۆیان بۆ کردووەتە قوربانی.

باسی لەوەشکرد، لە ساتی هێرشکردنەکە دیموکراتی لاواز و لەرزۆک کەوت، ئەگەر سەرکەوتووبوونایە ئەوا یاسا نەدەما و پشێوی بڵاودەبووەوە.

هەروەها، نانسی پێڵوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشێتد پرێس رایگەیاند، هەوڵەکان شکستییانهێنا و دیموکراتی سەرکەوت.

وتیشی، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، "هێما باشەکان" وڵات ئاراستە بکەن و سود لە مێژوو وەرگرن و رێگە نەدەن رووداوی ٦ی کانونی دووەم دووبارەبێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لەکاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەمەبەستی پەسەند کردنی ئەنجامی هەڵبژردنەکان و پەسەند کردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە نەیتوانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات، لایەنگران و دەنگدەرانی هاندا بەمەبەستی پەکخستنی کۆبوونەوەکە هاندا ‌هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٤٠ کەس لە هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.













گەلەری