سەردێڕ:

پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن

AM:08:50:27/07/2021

52684 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسێکی عێراقی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەو شەپۆلە گەرمییەی لە ماوەی رابردوودا رووی لە وڵات کردبوو کۆتایی پێدێت و پلەکانی گەرما دەست بە نزمبوونەوەدەکەن. دەشڵێت، "لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما پێنج پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، واسق سەلامی کەشناسی عێراقی رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە پلەکانی گەرمی دەست بە نزمبوونەوە دەکەن و لە ئەمڕۆوە ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە ماوەی رابردوو رووی لە وڵات کردبوو کۆتایی پێدێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە هەولێر ٤٤ پلە و لە سلێمانی ٤١ پلە و لە دهۆک ٤١ پلە و لە کەرکوک ٤٦ پلە و لە بەغداد ٤٩ پلەبێت. دەشڵێت، پلەکانی گەرمی لە زیقار دەگاتە ٥٢ پلە، بەمەش گەرمترین ناوچەدەبێت لە عێراقدا.

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشدا، لە هەرێم پلەکانی گەرمی دەچنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و دواتر لە هەریەک لە خۆرئاوا و ناوەڕاست و فوڕات و باشوری عێراق پلەکانی گەرما دەست بە نزمبوونەوەدەکەن.

واسق سەلامی باسی لەوەشکرد، لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزن و ئاراستەی باش لە سەرتاسەری وڵاتدا دەگۆڕێت بۆ باکوری خۆرئاوا.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە هەرێم رایگەیاند، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی باراناوی لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باکور و رۆژھەڵات پێشبینی دەکەین سەرەتای ھەفتەی ئایندە لەرۆژانی ١ی ئاب تاوەکو ٤ی ئاب، شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاجیا بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلەکە بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاویی و سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک دەبێت، بەھۆی نزیکی ئەو ناوچانە لە سنورەکانی باکور و رۆژھەڵاتی نزمە پاڵەپەستۆکەوە.

ئەو شارەزای کەشناسییە دەشڵێت، بەگشتی بۆ ناوچەکانی باشوری ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە تا ئێستا دەرنەکەوتووە لەو ناوچانەدا کاریگەری دەبێت بەشێوەی بارانبارین، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەر دەبن و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە نزمەکان و ئەو سنورانەش .

زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەشدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە سەرو ٥٠ پلەی سیلیزی.

 













گەلەری