سەردێڕ:

ئاماری نوێ، بزانە تا ئێستا پۆلیس دەستی بەسەر چەند ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا گرتووە؟

PM:02:32:26/07/2021

14352 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ١١چەك و حەوت ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ١٥٠ لەزگە و پەردەی رەش لە سلێمانی دەستیان بەرسەردا گیراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لەماوەی دوو رۆژی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەكی بێمۆڵەت هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی توانیان دەستبگرن بەسەر ژمارەیەك چەك و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دوو كڵاشینكۆف و نۆ دەمانچە و حەوت ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ١٥٠ لەزگە وپەردەی رەش دەستیان بەسەردا گیراوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بڕێك دەرمانی رێگەپێنەدراو دەستیان بەسەردا گیراوە و هەندێك سەرپێچی تری هاتووچۆ تۆمارکراون .

ئەمە لەماوەی رابردوو وتەبێژی پۆلیسی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ماوەی یەک ھەفتە وەک مۆڵەت دەدرێتە ئەوکەسانەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتایان ھەیە، دوای ئەو ماوەیە، ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن رێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.

سەعدوڵا عەزیز بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتووچۆی ناوشاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ھەواڵیدا رایگەیاند، "لە ١٨ی ئەم مانگەوە تا ٢٤ی ئەم مانگە مۆڵەتی یەک ھەفتە دەدرێتە ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی، کە ژمارەی نایاساییان ھەڵواسیوە و جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەشکردووە، یان پەردەیان ھەڵواسیوە، چونکە لە ھەفتەی ئایندەوە کاری یاساییان بەرامبەر دەکرێت و چاوپۆشیی لە ھیچ کەسێک ناکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رێکارانە بۆ ئەوەیە، کە بتوانین ناوشار ڕێک بخەینەوە رێگریی بکەین لەو سەرپێچیانەی، کە دەکرێت، چیتر رێگە نەدەین خەڵکانێک بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوت بکەن.

وتیشی، "ئەوکەسانەی پێشتر فۆڕمیان بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیان پرکردووەتەوە تەنھا بەئامانجی سەرژمێری کردن بووە و کەسیش بەڵێنی پێنەدراوە ژمارەی پێبدرێت".













گەلەری