PM:09:09:24/01/2026
1028 جار خوێندراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە ئەمڕۆ لە نووسینگەی هادی عامری بەڕێوەچوو، بە زۆرینەی دەنگ نوری مالیکی وەک کاندید فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری کرد.
ئەمڕۆ شەممە ٢٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان و پەرۆشیمان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان لە چوارچێوەیەکدا کە سەقامگیری وڵات بپارێزێت و ێڕەوی دەوڵەت بەهێز بکات، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەیەکی فراوانی سەرکردەکانی لە نوسینگەی هادی عامری ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و قۆناغی داهاتوو کرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای گفتوگۆیەکی قوڵ و چڕوپڕ، چوارچێوەی هەماهەنگی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە کاندیدکردنی نوری کامل مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و بە پشتبەستن بە ئەزمونی سیاسی و ئیداری و ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا".
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر "پابەندبوونی تەواوی بە رێڕەوی دەستووری و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا" کردەوە.
هاوکات داواشی لە پەرلەمانی عێراق کرد "دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی کاتە دەستوورییەکان ئەنجامبدات".