سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری عێراق چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

PM:08:05:24/01/2026

1404 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ناوی ١٩ کاندیدی سەرۆک کۆماری بڵاوکردەوە و بەپێی دەستوور دەبێت لەم هەفتەیەدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت.


ئەمڕۆ شەممە ٢٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، بە پشتبەستن بە یاسای کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی چوار کاندید کە تانەیان لەسەر بوو، سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیەندراوی لیستی کۆتایی ئەو کاندیدانەی کە مەرجە یاساییەکانی کاندیدبوونیان تێدایە ئاڕاستەی دیوانی سەرۆک کۆماری عێراق کرد کە ١٩ کاندید لەخۆدەگرێت.

چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق

بە گوێرەی دەستووری هەمیشەییی عێراق (ساڵی ٢٠٠٥) و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین دانیشتنەکانی پەرلەمان، چونکە کلیلی پێکهێنانی حکومەتە.

بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی، کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.

واتە لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، دەبێت لانی کەم ٢٢٠ پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادە نەبن، کۆبوونەوەکە بەڕێوە ناچێت.

میکانیزمی دەنگدان و هەڵبژاردن

پڕۆسەی دەنگدان بەپێی ماددەی (٧٠)ـی دەستووری عێراق بە دوو گەڕ بەڕێوەدەچێت:

گەڕی یەکەم: لەو گەڕەدا هەر کاندیدێک بتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆمار بەڵام زۆر ئەستەمە هیچ کاندیدێک لە گەڕی یەکەمدا ٢٢٠ دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە زۆربەی جار دەچێتە گەڕی دووەم.

گەڕی دووەم؛ قۆناغی یەکلاییکرەوە

ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک ٢٢٠ دەنگی نەهێنا، تەنها دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە قۆناغی دووەمەوە، کێبڕکێکە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا دەمێنێتەوە.

لەم گەڕەدا مەرجی ٢٢٠ دەنگ نامێنێت، بەڵکو هەر کامێکیان زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.

سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار و ئەرکی دواتر

دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت، لەبەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات.

گرنگترین ئەرکی دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو، پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژدا، کاندیدی "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان" رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.


 













گەلەری