سەردێڕ:

هەسەدە: سەرەڕای ئاگربەست چەکدارەکانی سوریا ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ دەکەن

PM:06:54:24/01/2026

1100 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند، سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست، حکومەتی دیمەشق بەردەوامە لە ئامادەکاریی سەربازی و هەوڵی تێکدانی دۆخەکە دەدات.


ئەمڕۆ شەممە ٢٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، جووڵەی سەربازی و ئامادەکاریی لۆجستیی هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ بەدی کراوە، ئەمەش بە ئاماژەیەکی روون دانراوە بۆ نییەتی ئەو هێزانە بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ و راکێشانی ناوچەکە بۆ ناو رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ.

هەسەدە ئاشکراشی کردووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ هێزەکانیان لە ناوچەی جەزیرە دوو جار رووبەڕووی هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئاگربەست وەسفی کردووە.

لە کاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان پابەندن بە بەندەکانی ئاگربەستەوە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکەن کە هەنگاوەکانی حکومەتی دیمەشق بە تەواوی پێچەوانەی بەڵێنەکانن و ئامانج لێیان شکستپێهێنانی هێوەرکردنەوەی دۆخەکە و هەڵبژاردنی بژاردەی جەنگە لە جیاتی چارەسەری سیاسی.

لە کۆتاییدا، هەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست و رێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشاو کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.













گەلەری