سەردێڕ:

ئەنجومەنی باڵای دادوەری رێکاریی یاسایی لە دژی زیندانیانی داعش دەستپێکرد

PM:08:53:22/01/2026

628 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو دەستگیرکراوانەی داعش دەستیپێکرد، کە لە سوریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە، عێراق دەڵێت، تۆمەتباران ملکەچی دەسەڵاتی دادوەریی وڵات دەبن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکانی سزای عێراق و لە ژێر رۆشنایی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سوریا و گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەستی بە رێوشوێنی یاسایی دژی تۆمەتباران کردووە.

دەشڵێت، تۆمەتباران رەوانەی بنکەکانی چاکسازیی گونجاو دەکرێن و پرۆسەی بەبەڵگەنامەکردن و ئەرشیفکردنی دروستی تاوانە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری نیشتیمانی بۆ هاوکاریی دادوەری نێودەوڵەتی دەستیپێکردووە، دەسەڵاتەکە دەڵێت، بە ئامانجی جێگیرکردنی راستییەکان، بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابوون لەوەی هیچ تۆمەتبارێک لە لێپرسینەوە و سزای یاسایی رزگاری نەبێت.

هەموو تۆمەتباران، بەبێ گوێدانە نەتەوە و پێگەیان، تەنیا ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەبن و رێکارە یاساییەکان بەبێ جیاوازی بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت بۆ پاراستنی مافی قوربانییان و سەروەریی یاسا لە عێراقدا، ئەوەش بە گوێرەی هەمان راگەیەندراو.













گەلەری