سەردێڕ:

فەرماندەیەکی سەربازیی: دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت

PM:10:26:06/12/2021

10900 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک رایگەیاند، پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە حاڵەتی بەرگری و داعشیش لە حاڵەتی هێرشدایە، دەشڵێت، "لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەری ساڵی نوێ، دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت".


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک ئاماژەی بەوەکردووە، داعش هێزی زیاتریان هێناوەتە عێراق و بەرپرسەکانیان گۆڕیووە، دەشڵێت، "داعش کێشەی نێوماڵی شیعە و سونە و کوردیشی وەکو دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی قۆستووەتەوه".

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک پێشبینیش دەکات کە لەگەڵ نزیکبوونەوە لەسەری ساڵ، دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە.

لەبارەی ئەو رێکارانەی کە پێشمەرگە بیگرێتە بەر لەبەرامبەر رووبەڕوبوونەوەی داعش، سەرحەد قادر وتیشی، دەبێت پێشمەرگە بەدوای خاڵە لاوازەکانیدا بگەڕێت و چارەسەری بکات، لەڕووی هەواڵگری و کەمی چەک و تەقەمەنی، دەشڵێت، "دەبێت هەر فەرماندەیەک کەمتەرخەمی هەبوو، لاببرێت."

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک ئەوەشی وتووە، لە ئێستادا داعش لەحاڵەتی هێرش و پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لە حاڵەتی بەرگریدان، زۆرترین هێزی داعشیش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، ڕومادی و موسڵدایه.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەکدارانی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر کردووە و شەوی رابردوو جارێکی دیکە لە سنووری کەرکوک هێرشیانکردەوە و بەوهۆیەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوو و ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ٢٢ پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهید بوون.

دوێنێش، جەمال مورتکە فەرماندەی سەربازیی لەمیانەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی پەرلەمانی خەڵکی ئێن ئاڕ تیدا وتی، "بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سوپای عێراق لە ناوچەکە و چەک و تەقەمەنی لە سەنگەرەکان بیانوون."













گەلەری