سەردێڕ:

سوپای سوریا راگرتنی شەڕی راگەیاند؛ ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش هەواڵەکە رەتدەکەنەوە

PM:03:25:10/01/2026

860 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سوریا لە راگەیەندراوێکدا، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە گەڕەکی شێخ مەقسود راگەیاند. ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش، هەواڵەکە رەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامی هەیە.


ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای عەرەبیی سوریا، لە کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆوە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەناو گەڕەکی شێخ مەقسود راگیراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چەکدارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' کە لەناو "نەخۆشخانەی یاسین"دا گەمارۆ درابوون، دوای وەرگرتنەوەی چەکەکانیان، بەرەو شاری "تەبقە" دەگوێزرێنەوە.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش، هەواڵەکە رەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامی هەیە، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی رۆژئاوا، بۆردومان و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە چەندین تەوەرەوە نەوەستاوە و هێشتا دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرپرسانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ژێر نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسود تونێل هەیە و هێزەکانمان لەناو ئەو تونێلانەدا شەڕ دەکەن، ئێمە بە توندی ئەم بانگه‌شانه‌ رەتدەکەینەوە".


 


 













گەلەری