پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد و لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تا شەشـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، کۆمسیۆنیش دەڵێت، لە سەرتاسەری عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار کەس لە كارمەندی هێزە ئەمنییەكان مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەنگدانی تایبەت بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێم بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە سەرتاسەری عێراقدا یەك ملیۆن و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە پرۆسەی ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە، كە دابەشكراون بەسەر ٨٠٩ ناوەند و چوار هەزار و ٥٠١ وێستگەی دەنگداندا.
هەر بە پێی
ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە هەرێم ٢٧٠ هەزار كارمەندی هێزە ئەمنیەكان و لە شارەكانی عێراقیش
زیاتر لە ملیۆنێک كارمەند مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەرانی هەرێم بەسەر ٢٠٤ بنکەی
دەنگدان و ٩٥٨ وێستگەدا دابەش کراون.
لە هەولێر، ٨٥
هەزار و ٧٩٣ كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەكاتە ٨٪ـی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان
هەیە لە پارێزگاكە.
لە سلێمانی، ٨٢
هەزار و ٥٤٧ كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە دەكاتە ٧٪ـی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان
هەیە لە پارێزگاكە.
لە دهۆك، ٥٥
هەزار و ٩٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دەگاتە ٧٪ كۆی ئەوانەی مافی
دەنگدانیان هەیە لە پارێزگاكە.
جگە لەوانە، ٢٦
هەزار و ٥٣٨ ئاوارەش لە پرۆسەكەی ئەمڕۆدا مافی دەنگدانیان هەیە كە دابەشكراون
بەسەر ٢٧ ناوەند و ٩٧ وێستگەی دەنگداندا.