سەردێڕ:

نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لەو ناوچانەدا دەژین کە جەنگیان تێدایە

AM:09:11:02/12/2021

3680 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لە ئێستادا لەو ناوچانەدا دەژین جەنگییان تێدایە وەک مۆزەمبیق و ئەفغانستان و کۆنگۆی دیموکرات و نەیجیریا و یەمەن. دەشڵێت، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی منداڵانی لە نزیک گروپە چەکدارەکانەوە تێدا دەژین".


رێکخراوی نێودەوڵەتی"منداڵان رزگاربکەن" نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لەو ناوچانەدا دەژین جەنگ و توندوتیژییان تێدایە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ٣٣٧ ملیۆن منداڵ لە نزیک گروپە چەکدارەکان و سوپای ئەو وڵاتانەوە دەژین کە منداڵان چەکدار دەکەن و بەسەرباز دەیانگرن، بەشێوەیەک بەراورد بە سێ دەیەی رابردوو رێژەی چەکدارکردن و بەسەربازگرتنی منداڵان سێ ھێندە بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو وڵاتانەی منداڵ تێیاندا سەربازییان پێدەکرێت، نزیکەی رێژەی نیوەی منداڵانی جیھانیان تێدادەژی کە نزیکدەبێتەوە لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن منداڵ.
دەشڵێت، عێراق و یەمەن و سوریا و ئەفغانستان و فلیپین بەرزترین رێژەی بە سەربازگرتنی منداڵانیان تێدایە بەھۆکاری ئەوەی لە نزیک گروپە چەکدارەکانەوە دەژین.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرھەڵدانی توندوتیژییەکان و ململانێ بەردەوامەکان لە مۆزەمبیق و ئەفغانستان و کۆنگۆی دیموکرات و نەیجیریا و یەمەن ھۆکارن بۆ دروست بوونی کێشەی برسێتی لەو ناوچانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرھەڵدانی کۆرۆنا و قورستربوونی کێشەکان بەھۆیەوە، ھۆکاری دیکەن بۆ سەختبوونی ژیانی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٠ و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە جەنگ و توندوتیژییەکان لەو ناوچانە کۆتاییان  پێبھێنرێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئێنگیر ئیشینگ سەرۆکی رێکخراوی "منداڵان رزگار بکەن" رایگەیاند، "دۆخێکی مەترسیدارە کاتێک دەبینین ژمارەیەکی زۆری منداڵان بوونەتە ئامانج و کەوتوونەتە ئەو ناوچانەوە جەنگی خوێناوی تێیاندا بەردەوام روودەدات".












گەلەری