سەردێڕ:

ناکۆکییەکی نێوان شاندی ئەمریکی و عێراقی ئاشکرابوو

PM:09:35:24/07/2021

6616 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە شاندی دانوستانکاری عێراقی رایگەیاند، تا ئێستا لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەشڵێت، "ئێمە داوامان کردووە راهێنەر و راوێژکاری سەربازی بمێننەوە و ئەمریکاش دەیەوێت هێز بهێڵێتەوە."


ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چاوگێک لە شاندی دانوستانکاری عێراقەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی تەواوی هێزەکانیان بەردەوامە چونکە عێراق خوازیارە راوێژکاری سەربازی و راهێنەران بمێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت هێز لە عێراقدا بهێڵێتەوە.

ئەو چاوگە ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا بەشێوەیەکی سارەتایی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نوسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، "لایەنی ئەمریکی پێیان راگەیاندین و جەختیان کردەوە کە چیتر عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی نەماوە لەسەر خاکەکەی بمێنێتەوە."

بڕیارە رۆژی دووشەممە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە واشنتن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق.







گەلەری