سەردێڕ:

نەوەی نوێ لە سلێمانیش دەستی بە دابەشکردنی ئاو کرد

PM:07:55:29/07/2025

2000 جار خوێندراوەتەوە

گرفتی کەمئاوی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و نەوەی نوێ بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتیاندا. ئەمڕۆ لەلایەن تیمی نەوەی نوێوە، ئاو بەسەر دانیشتوانی چەند گەڕەکێکی سلێمانیدا دابەش کرا.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، بەهۆی گرفتی بێئاوییەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی، تیمی نەوەی نوێ لەبری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردنی ئاوە بەسەر هاوڵاتییاندا.

بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بە ئێن ئاڕ تییان وت، چەندین ساڵە گرفتی کەمئاویان هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوەکو ئێستا بەدەم کێشەکانیانەوە نەچووە، بۆیە بە ناچاری مانگانە سێ بۆ چوار تانکەر ئاو دەکڕن کە هەر تانکەری ١٠ بۆ ١٢ هەزار دینار پێ دەدەن.

باسیان لەوەش کرد، دەستخۆشی لە تیمی نەوەی نوێ دەکەن کە هەستاون بە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانیان و ئەو خزمەتگوزاریەی نەوەی نوێ دەیکات هیچ لایەنێک پێی ناکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما و سەرهەڵدانی گرفتی کەمئاوییەوە، نەوەی نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم لە بری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە رێگرییان لێ کراوە.













گەلەری