سەردێڕ:

ئەم مانگە بەشێک لە مووچەخۆران چوار مووچە وەردەگرن

PM:04:06:13/05/2025

2876 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی چوار دارایی عێراق بڕی ٧ ملیار دینار زیاتری ناردووە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو، پارە زیادەکەش بۆ ئەو خانەنشینانەیە کە مامەڵەی خانەنشینبوونەکەیان تەواوبووە و ئەم مانگە چوار مووچە وەردەگرن.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٩٥٩ ملیار دیناری خستەسەر هەژماری بانکی هەرێم، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، بەشێک لەو مووچەخۆرانەی کە لەسەرەتایی ئەمساڵدا خانەنشین کراون و مامەڵەی خانەنشینبوونەکەیان تەواوبووە، ئەم مانگە چوارمووچە وەردەگرن، مووچەی مانگی یەک و دوو و سێ و چواری ئەمساڵ.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبوو، تەمویلی مووچەی مانگی چوار خراوەتەسەر هەژماری بانکییان کە بڕەکەی ٩٥٩ ملیار و ٥١٤ ملیۆن دینارە و وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم خراوەتە سەر هەژماریان لە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

چاوگێکیش بە ئێن ئاڕ تی وت، لە نزیکترین کاتدا وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی مووچە بلاودەکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان پێنەدراوە و دارایی عێراقیش هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی هەرێم گەڕاندنەوە.


گۆران عەبدوڵا ـ بەغدا













گەلەری