سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئەرکی ئێمە بەرەو پێشبردنی ئاشتییە لە سەرانسەری جیهان

PM:11:44:21/01/2025

4440 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەرکەکەی ئاسان نابێت و رووبەڕووی ئاڵەنگاری و ساتی قورس دەبنەوە، هەروەها سیاسەتی دەرەوەیان سەرەتا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان بنیاد دەنێن، دەشڵێت، "ئەرکی ئێمە بەرەوپێشبردنی ئاشتییە لەسەرانسەری جیهان و بەرگریكردنە لە بەهاکانشمان".


ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، مارکۆ روبیۆ، وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا و لەمیانی وتارێکدا کە پێشکەشی کارمەندانی وەزارەتەکەی کرد رایگەیاند، "گۆڕانکاری زۆر بەسەر جیهاندا هاتووە و دەبێت بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، لێرەشدا ئەرکی من ئاسان نابێت، رووبەڕووی ئاڵەنگاری و ساتی قورس دەبنەوە، هەوڵدەدەین دووربکەوینەوە لە ململانێکان، بەڵام ئەوە لە سەر حسابی بەهاكانمان نابێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی دەرەوەمان سەرەتا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانمانە ئینجا بنەماكانی دیكە،  ئەگەر بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکەدا یەکی گرتەوە، ئەوا لەگەڵیان کاردەکەین.

باسی لەوەشكرد، ئەرکی ئێمە بەرەوپێشبردنی ئاشتییە لە سەرانسەری جیهان، هەروەها بەرگری لە بەهاکانشمان دەكەین.

ئەوە لەكاتێكدایە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ دەستنیشانکردنی مارکۆ روبیۆی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڵبژارد، بەوەش مارکۆ روبیو، بووە یەکەم ئەندامی کابینەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا.

روبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکانە لە ویلایەتی فلۆریدا، لەناو ئەو کاندیدانەی ترەمپدایە کە کەمترین گفتوگۆی لەسەربوو و دەنگدانەكەش لە بەرژەوەندی ئەودابوو.













گەلەری