سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە گەیشتە بەغداد

AM:10:34:06/12/2024

1476 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان عێراق ئێران سوریا.


سەرچاوەیەک بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێکی فەرمی یەک رۆژه له تارانەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و تیایدا لەگەڵ هاوتا عێراقی و سوورییەکانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سوریا.

بڕیارە درەنگانی ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بە ناوی "عێراقی-سوریا-ئێرانی" لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەبچێت، بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەی خێرابوونی رووداوە ئەمنییەکان لە سووریا، و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەشی ناوچەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەسام سباغ وەزیری دەرەوەی سوریا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەشدار دەبن.

عێراق دۆخی هۆشداری سەربازی بەرزکردەوە، و هێزی سەربازیی جێگیرکرد، لەنێویاندا لیواکانی سوپا و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری بەدرێژایی سنوور لەگەڵ سوریا.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەم دواییانەدا لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی و کوتلە شیعەکانی عێراقی لە سوریا جێگیر کردووە بۆ پشتیوانی لە سوپای سوریا لە بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوی "لەناکاو"ی ئەو ڕێکخراوە چەکدارانەی کە دەستیان بەسەر شاری حەلەب و شارۆچکەکانی دەوروبەری و گوندەکان گرتووە.













گەلەری