سەردێڕ:

تەحریر شام: هەوڵدەدەین پەیوەندییەکى باش لەگەڵ حکومەتى عێراق دروستبکەین

AM:12:04:06/12/2024

2524 جار خوێندراوەتەوە

شەڕوپێکدانەکانى نێوان چەکدارانى تەحریر شام و سوپاى سوریا تادێت گەرمتر دەبێت و چەکدارەکان دەڵێن، زۆربەى پارێزگای حەمایان کۆنتڕۆڵ کردووە و پەیامێکیان ئاڕاستەی عێراقیش کرد !


سوپای حکومەتی سوریا هاوشێوەی پارێزگای حەلەب لە پارێزگای حەماش لە بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن شکستی هێنا، و گروپە چەکدارەکانیش دەڵێن لە پێشڕەوەییەکانیان بەردەوام دەبن و دەڵێن، زۆربەى فەرمانگە و سەربازگە و بنکەى هێزە ئەمنییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

سوپای سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەمەبەستی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیلی ناو شارەکە کشاونەتەوە و هێزەکانیان لە دەرەوەی شارەکە جێگیر کردووە، بەپێچەوانەى گروپى تەحریر شامەوە کە دەڵێن بە هێز سوپاى سوریایان دەرکردووە  و لە پێشڕەوییەکانیان بەرەو شاری حومس بەردەوام دەبن و هاوشێوەی پارێزگاکانی تر ئەو پارێزگایەش کۆنتڕۆڵ دەکەن.

فەرماندەی گشتی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کردو ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق دڵنیا دەکەنەوە کە سنورەکانیان نابەزێنن، بەمەرجی ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە خۆی بەدور بگرێت لە ئەو رووداوانەی لە سوریا روودەدەن.

وتیشی، شەڕی ئەوان بە هیچ شێوەک لەگەڵ عێراق نییە و هەوڵ دەدەن لە داهاتودا پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەو وڵاتە بنیاد بنێن، بەمەرجێک عێراق رێگرى بکات گروپە چەکدارەکان بۆ شەڕى ئەوان نەچنە سوریا.

لەلایەکی ترەوە رامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات وێستگەی ئاوی (بابیریی) کۆنتڕۆڵکردووە، کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی شاری حەلەبە، هەروەها لە فڕۆکەخانەی سەربازیی (کویرس) نزیکبوونەتەوە لە ڕوبەڕووی توندان لە شاری مەنبج دژ بە چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازادى نزیک لە تورکیا.

پێشتریش هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیان بەسەر حەوت گوند لە پارێزگای دەیرەزوردا گرتبوو، کە سوپای حکومەت پاشەکشەی تیایاندا گرتبوو، کە بەهۆیەوە بۆشایی ئەمنی دروستببوو.

بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕوپێکادانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی ئاوارە کردووە، دەشڵێت ئەو ژمارەیە بەردەوام لە زیادبووندایە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێرانیش لە ئاڵۆزییەکانی سوریا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، سیاسەتیان بەرانبەر ئەو وڵاتە جێگیرە لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا، وتیشی هەموو پاڵپشتییەک پێشکەش بە حکومەتی دیمەشق دەکەن لە دژی هێرشی گروپە چەکدارەکان، هەروەها حکومەتی مۆسکۆش هەمان هەڵوێستی ڕاگەیاندووە.













گەلەری