سەردێڕ:

ئەپیکور: داوادەکەین کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان چارەسەر بکرێت

PM:04:39:22/09/2024

1196 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت داوا دەکەن بە زووترین کات هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە.


کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە 'ئەپیکور' راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئامادەن هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە بە مەرجی ئەوەی دڵنیایی بدرێت هاوشێوەی ڕابردوو پارەی هەناردەکردنەوەی نەوتیان پێبدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داوادەکەن راستەوخۆ پارەی هەناردەکردنی نەوت بدرێتە کۆمپانیاکان و مەرجە بازرگانی و ئابوورییەکانیان بپارێزرێن.

ئەوەش خراوەتە روو، داوا لە حکومەتی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت دەکەن کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان چارەسەر بکەن و چارەسەرێک بدۆزنەوە لە بەرژەوەندی هەموان بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێش راگیرانی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا ڕۆژانە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت بەنزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردەی بازارە نێودەوڵەتییەکان دەکرد و دواتر لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بە فەرمانی دادگای پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە نایاسایی لەقەڵەم درا و راگیرا، دواتر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ناچاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دایە دەست کۆمپانیای سۆمۆ.

لە ئێستاشدا وەک محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، کێشەی سەرەکی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەو گرێبەستانەیە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کردوونی بەجۆرێک شایستەی دارایی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم زیاترە لەوە لە عێراق هەیە، کۆمپانیاکانیش رەتی دەکەنەوە گرێبەستەکانیان هەموار بکرێتەوە.













گەلەری