سەردێڕ:

سودەکانی زەعفەران؛ گوڵە ئاڵتونبەهاکە

AM:11:25:04/09/2024

1912 جار خوێندراوەتەوە

زەعفەران؛ ئەو گوڵەی بەهاکەی بە بەهای ئاڵتون بەراورد دەکرێت بەڵام نەک تەنها لە نرخەکەیدا؛ بەڵکو بەها خۆراکییەکەشی ئەوەندە بەرزە بەراورد کراوە بە خشڵێکی گرانبەهای وەک ئاڵتون، لە دونیادا ئەو قسەیە باوە کە دەڵێن: ئەگەر تەنها بڕێکی کەمیشمان لە زەعفەران هەبێت، بە کەسێکی دەوڵەمەند لە قەڵەم دەدرێین.


زەعفەران گوڵێکی بچووکە و بەرزیەکەی لە ٣٠ سم زیاتر نییە، رەنگێکی مۆر یان زەردی هەیە، لە هەمووشوێنێک گەشە دەکات، ئەو شوێنانەی بەناوبانگە بە چاندنی ئەم گووڵە، ئێران و مەغریب و ئیسپانیان.

مێژووی ئاشنابوونی مرۆڤ بۆ ئەم ڕووەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا، شارستانییە کۆنەکانی وەک رۆمانییەکان و یۆنانییەکان تێبینیان کردووە رەنگی زەعفەران بە شتەکانەوە دەنووسێت و بە ئاسانی لێی نابێتەوە، لەبەر ئەوە وەک بۆیە بەکاریان هێناوە بۆ ڕازاندنەوەی ژوورەکان.

لەسەردەمی کۆندا تەنها کەسە سەرمایەدارەکان زەعفەرانیان بەکارهێناوە، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتیش وەک هیند، پاشا و ئیمپراتۆڕەکان جلەکانیان بە زەعفەران رەنگ کردووە، هەروەها کیلۆپاتراش بە زەعفەران خۆی شووشتووە.

شارەزایانی خواردنیش ئەو تامە تون و تاڵەی زەعفەرانیان بە دڵ بووە بۆیە وەکو بەهارات بەکاریان هێناوە.

زەعفەران زۆر گرانە بە ڕادەیەک نرخەکەی نرخی ئاڵتونی تێپەڕاندووە، چونکە رووەکێکی کێوییە و بە چڕی ناڕوێت وەک رووەکەکانی تر، هەروەها چنینەوەی ماندووبوونی زۆری دەوێت، لەبەر ئەوەی لەو گوڵە بچووکەدا تەنها بەشێکی بچووکی بەکاردێت. دەوێت بۆیە پەڕەکانی گوڵەکە لێدەکرێتەوە و تەنها زەعفەرانەکە دەمێنێتەوە کە بەقەد تاڵە مویەکە، هەربۆیە کۆکردنەوەی یەک کیلۆگرام لە زەعفەران پێویستی بە لێکردنەوەی ٣٠٠ هەزار گوڵ هەیە.

زەعفەران، تەنها لە هاوین و پایزدا گوڵ دەکات کە هەفتەیەک یان دوو هەفتە دەخایەنێت، بۆیە دەبێت لەو ماوەیەدا راستەوخۆ دەستبکرێت بە چنینەوەی گوڵەکان.

ئەوەی سەرەوە بەراوردکردنی بەهای زەعفەران بوو بە پارە، لەکاتێکدا بەها خۆراکییەکەی زۆر لەوە زیاترە، چونکە زەعفەران کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مێشک دروستدەکات و یارمەتی گەیاندنی باشتری خوێن دەدات بە مێشک، بۆیە هەر لە رێگای مێشکەوە فەرمان بە سەرجەم خانەکان و ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەگەیەنێت بۆ باشتر کارکردن.

زەعفەران مرۆڤ دەپارێزێت لە توشبوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە 'زەهایمەر'، جگە لەوەی یارمەتیدەری خانەکانی مێشک و هۆرمۆنەکانە بۆ کارکردنیان بەشێوەیەکی دروست و رێک و کەمکردنەوەی خەمۆکی.

توانای دڵ بەهێز دەکات و زۆر چالاکە لە کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە، هەروەها ئاوسانی سک ناهێڵێت و یارمەتیدەرێکی باشی کرداری هەرسە، چارەسەرێکی بەهێزە بۆ خەوزڕان و رێککردنەوەی کاری هۆرمۆنەکان.

زەعفەران کاردەکاتە سەر خانەشێرپەنجەییەکان و دەجەنگێت بۆ لەناوبردنیان، بەتایبەت شێرپەنجەی قۆڵۆن.

توانای سێکسی بەهێز دەکات و هاوکارێکی کاریگەرە لە چارەسەری نەزۆکیدا.

جگە لەوانەش یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش و دەتوانێت هاوکاریی خانمان بکات لە رزگاربوونیان لە ئازارەکانی سووڕی مانگانە و لاسەرئێشە 'شەقیقە'.
زەعفەران پێست رووندەکاتەوە و ئازاری جومگە ناهێڵێت.
هەروەها دەتوانرێت بکوڵێنرێت و بدێت لە پێست بۆ نەهێشتنی زیپکە و روونبوونەوە، یاخود بدرێت لە بێخی سەر و تاڵەکانی قژ، بۆ راگرتنی هەڵوەرین و بەهێزبوون.

لەرێگای لاپەڕەی فەرمی "Dr.XYZ" ـەوە دەتوانن بینەری چەندین زانیاریی دیکەی بەسوودی تەندروستیی ببن













گەلەری