سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: پارتی و یەکێتی حەزناکەن مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە بێت

PM:07:28:20/04/2024

2888 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت هاتنی مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە تێک بدەن و حەز ناکەن پارەی مووچە راستەوخۆ لە بەغداوە بێت. دەشڵێت، "دوو ساڵ لەمەوبەر باسی کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدمان کردووە لە هەرێم".


ئەمڕۆ شەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر باسی کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدیان کردووە لە هەرێم.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، خودی خۆی بە واژۆی ١١٩ پەرلەمانتارەوە چووەتە لای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و داوای کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بنێردرێت.

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر یەکێتی لە راگەیاندنەوە هەندێ قسەیان کرد باوەڕیان پێ مەکەن، چونکە لەگەڵ پارتیدا دەیانەوێت هاتنی مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە تێک بدەن".

باسی لەوەش کرد، پارتی و یەکێتی حەز ناکەن پارە راستەوخۆ لە بەغداوە بێت بۆ مووچەی مووچەخۆران، چونکە پێیان وایە ئەگەر راستەوخۆ پارە لە بەغداوە بێت، ئیتر مووچەخۆران لە پارتی و یەکێتی ناترسن.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "یەکەم کەس بووین فرۆشتنی نەوتمان راگرت و یەکەم کەس بووین پەرلەمانمان هەڵوەشاندەوە، بۆچی پێش نەوەی نوێ هیچ لایەنێک نەدەچووە دادگای فیدراڵی و شکاتی لە پارتی و یەکێتی نەدەکرد؟".

راشیگەیاند، ئەگەر ئەوان وەک نەوەی نوێ نەبوونایە، ئەوا تا ئێستا پارتی و یەکێتی داهاتی نەوتی هەرێمیان دەدزی و پێنج هەزار پێنج هەزار مووچەی خەڵکییان دەدا، ئەو دوو مووچەیەش کە بەغدا ناردی، دەیانکرد بە دەستکەوتی خۆیان.

 













گەلەری