سەردێڕ:

وەزیری بازرگانی: دەست دەکەین بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی

PM:05:11:20/04/2024

13556 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی ٢١ـی نیسانەوە دەستدەکەن بە ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراکی و کەرەستە خۆراکییەکان و بەسەر سەرجەم خێزانەکاندا دابەش دەکرێت. دەشڵێت، " هەوڵدەدەین زۆرترین هاوڵاتی سوودمەند بێت لە سەبەتەی خۆراکی ساڵانە".


ئەمڕۆ شەممە، ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، هەوڵدراوە لەرێگای چەندین تەکنیکەوە کەرەستە خۆراکییە پێویستییەکان هەڵبگیرێن و لە سبەینێوە دەست بە ئامادەکردن و دابەشکردنی سەبەتە خۆراکییەکان بەسەر هاوڵاتیاندا دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ گرفتێکیان لەبەردەم کورتهێنانی کەرەستەی خۆراکی بۆ بریکارەکانی خۆراکدا نییە چونکە خۆیان دەتوانن گرفتەکە چارەسەر بکەن.

ئەوەشی خستە روو، هەوڵدەدرێت کە زۆرترین هاوڵاتی لە پڕۆسەی دابەشکردنەکە سوودمەند بن. وتیشی، " هەوڵدەدەین تا ساڵی داهاتوو سەرجەم گرفتەکانی بەردەم وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ئامادەکردن و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی چارەسەر بکەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند، لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆراکی تایبەتەوە بەشە خۆراکی هاوڵاتیان پشکنینی بۆ دەکرێت و پاشان بەسەریاندا دابەش دەکرێت، لە ئەگەری خراپبوونی ئاردەکەشدا هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵا لەسەر بریکاری خۆراکی ناوچەکەیان تۆمار بکەن.













گەلەری