بەگوێرەی
نووسراوەکە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان
کردووە، ناو و زانیاری فەرمانبەرەکانی، "خێرا" بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی
مووچەیان بخرێتە سەر بانکە حکومییە فیدڕاڵییەکان، کە ئەوانیش بریتین لە بانکی عێراق
بۆ بازرگانی (تی بی ئای)، بانکی رەشید و بانکی رافیدەین.
نووسراوەکە
بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان نێردراوە کە تێیدا هاتووە، فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان ئازادن لەوەی کام یەک لەو سێ بانکە هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگرتنی مووچەکەی.
دواتر، لەو
بانکەی کە فەرمانبەرەکە خۆی هەڵی بژاردووە کارتیان بۆ دروست دەکەن و مانگانە مووچەیان
بۆ دەنێرن تاوەکو لە لقی بانکەکان و نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکانی دابەشکردنی مووچە لە
هەرێمی کوردستان پارەکەیان وەربگرن.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
رۆژی ٢٢ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوو لەسەر داوای نەوەی نوێ، محمد شیاع سودانی سەرۆک
وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگای هەژماری
بانکییەوە بنێرێت.
پێشتریش،
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە واژۆی ١٢٠ پەرلەمانتاری عێراقی نووسراوێکی گەیاندە
سەرۆک وەزیرانی عێراق کە داوای کردبوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بخرێتە
سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران.
بەپێی پڕۆژەکەی
نەوەی نوێ، هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم هەژمارێکی بانکی لە بانکی بازرگانی عێراق کە
لقی لە هەرێمیش هەیە بۆ دەکرێتەوە و مانگانە لەرێگەیەوە مووچەکەی وەردەگرێت.