سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە

PM:08:19:18/04/2024

8704 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلە بەرزکردنەوەوە بەردەوامە بە جۆرێک چەند وەزارەتێک لیستەکەیان تەواو کردووە. دەشڵێت، " پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پارەی مووچە زیاد دەکات".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ پلە بەرزکردنەوە پێویستی کردووە دەستکاری چۆنێتی مووچە بکەن و لەگەڵ سیستەمی دابەشکردنی مووچەی عێراق رێکی بخەن تاوەکو کێشەی ئیداری و کارگێڕییان بۆ دروست نەبێت لەکاتی ناردنی لیستی مووچەدا .

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی هەموو ئەو پلە بەرزکردنەوانە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە راگیراوە، پارەی مووچە لە ٩٤٩ ملیار دینارەوە بۆ نزیکەی یەک ترلیۆن و ٥٠ ملیار دینار زیاد دەکات.

وتیشی، "لیستی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە دەنێرینە بەغدا و زۆرترین فەرمانبەریش دوو پلە بەرزکردنەوە دەیگرێتەوە و بەشێکیش سێ پلە بەرزکردنەوەیان هەیە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٦ـی نیسان چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوایان لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە بکەن، بەشێک لە وەزارەتەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لیستی مووچەی مانگی پێنجیان بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە کردووە بەڵام هێشتا رادەستی وەزارەتی داراییان نەکردووە.

وتیشی، "ئەو وەزارەتانەی کە ماون ئاگادار کراونەتەوە کارەکانیان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی تا رۆژی ١ـی مانگی ئادار لیستی مووچە بە پلەبەزرکردنەوەوە ئامادە بکەن".

پێشتریش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، قۆناغەکانی ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوە بەرەو کۆتاییە و لە سەرەتای مانگی پێنجەوە پلەبەرزکردنەوە دەبەسترێت و تاوەکو کاتی ناردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بۆ بەغدا، هەموو کارەکان تەواو دەکرێت.

هێرش قادر- هەولێر













گەلەری