سەردێڕ:

راوێژکارێکی کازمی نرخی نەوت لە بودجەی داهاتووی عێراق ئاشکرا دەکات

PM:05:12:13/10/2021

7388 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نزیکبوونەتەوە لە تەواوکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ و تیایدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار جێگیرکراوە.


مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجەی ٢٠٢٢ نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەرنەکردووە، چونکە لە ئێستادا حکومەت کاربەرێکەرە و بودجەش لە پرۆژە یاساییەکانە.

ئاماژەی بەوەشدا، یاسای بودجە دەخرێتە بەردەم حکومەتی داهاتوو تێبینییەکانی خۆی لەسەر دەنوسێت و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، پێشبینیشدەکرێت تا پێکهێنانی پەرلەمان کاتێکی زۆر بخایەنێت.

راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە ٥٠ دۆلار لە بودجەدا جێگیرکردووە، ئەوەی دیکەشی وەک کورتهێنان داناوە بە ئامانجی پرکردنەوەی جیاوازییەکان لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

لەبارەی پەسەند نەکردنی بودجەوە لەلایەن حکومەتی نوێی عێراقەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح وتی، لە ئەگەرى رەتکردنەوەی یاساکە لەلایەن حکومەتی نوێوە، ئەوا کار بە یاسای بودجەی ٢٠٢١ دەکرێت.













گەلەری