سەردێڕ:

لە ٢٠١٧ـەوە؛ عێراق بە بەهای ١٥ ملیار دۆلار غازی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە

PM:04:42:28/03/2024

640 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە، بە بەهای ١٥ ملیار دۆلار غازی سروشتییان هەناردەی عێراق کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ، مەجید تەشەکنی جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە ، لەو کاتەوەی گرێبەستی غازیان لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە ، نزیکەی ٥٢ مەتر سێجا غازیان بە بەهای ١٥ ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە تاران و بەغدا چەند جارێک کۆبوونەوە کراوە سەبارەت بە فراوانکردنی گرێبەستی غاز لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

هاوکات، زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، پێویستیان بەوە هەیە کە لە ئێرانەوە غازی پێویست هاوردەی عێراق بکەن بۆ ئەوەی بڕی کارەبای پێویست بەرهەم بهێنن.

ئەوەشی خستە روو، ئێران لە رووی ئابوورییەوە هاوبەشێکی باشی عیراقە و پێویستیان بەوە هەیە کە درێژە بە جموجۆڵە بازرگانییەکانیان بدەن لەگەڵ یەکتری.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئێران گرێبەستێکیان بۆ دابینکردنی غاز بە بڕی ٥٠ ملیۆن پێ سێجای رۆژانە واژۆ کردووە، لەپێناو دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ تەواوی عێراق.













گەلەری