سەردێڕ:

عێراق: وڵاتەکەمان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە زیانی پێگەیشتووە

AM:11:01:28/03/2024

820 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی کە زیاتر بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، زیانی بەرکەوتووە و لە مانگی ئایاری داھاتوودا، بەغدا میوانداری کۆنفرانسێکی ھەرێمی دەکات کە تایبەت دەبێت بە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا.


نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەھۆی گۆرانکارییەکانی کەشوهەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

باسی لەوەش کردووە "عێراق بووە ئەندام لە ڕێککەوتننامەی پاریس و بەڵگەنامەیەکی بۆ بەشداریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا پێشکەش کرد و ستراتیژێکی باشمان ھەیە کە پلان و چارەسەر لەخۆدەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا".

ئەوەشی خستووەتە روو، پرسی ژینگە و کەشوهەوا تەنها بەرپرسیارێتی وەزارەتی ژینگە نییە و دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان هاوکارییان بکەن.

راشیگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی کەشوهەوای کۆپ ٢٩ بکەن کە بڕیارە لە ئازەربایجان ئەنجام بدرێت و لە مانگی ئایاری داھاتوودا، بەغدا میوانداری کۆنفرانسێکی ھەرێمی دەکات کە تایبەت دەبێت بە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە لووتکەی کۆپ ٢٨ عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دانرا کە بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە و رووبەڕووی وشکەساڵی و تێکچوونی کەشوهەوا بووەتەوە.













گەلەری